خۆشناو عەتا کە بە هۆی ئەوەی برازاکانی بە چەکی کیمیایی شەهید بوون لە شاری دان هاگی هۆڵندا چەندین مانگە لەبەردەم بینای رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) چالاکی دەکات، سەردانی سویسرای کرد و لەگەڵ نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستی بە دیدار کرد.
عەتا ئەمرۆ لەگەڵ کاربەدەستانی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی پێشووی کەسک لامی ئۆزگانیش ئامادەبوو.
عەتا: دەوڵەتی تورک تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات
عەتا لە نوسینگەی بێرنی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئانیتا سترول دیداری ساز کرد. لە دیدارەکەدا عەتا داوای کرد بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت و وتی، "دوو برازای من بەو چەکە کیمیاییانە شەهید بوون کە دەوڵەتی تورک بەکاریهێناون. لە رووی تاوانەکانی شەڕی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەوڵەتی تورک ٥٠ ساڵە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. بەبڕوای من دەبێت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم رووەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەو رێکخراوانە تائێستا بە داخەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بە جێنەگەیاندووە".
سترول: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بانگەشەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەین
بۆ ئەوەی رێگری لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکرێت، شاندەکە داوای لە رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کرد کە کارێکی هاوبەشیان لەگەڵ بکەن و دۆسیەیەکیان رادەست کردن و بەڵگەکانیان لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی پێشکەش کرد. بەرپرسی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئانیتا سترول لە دیدارەکەدا باسی لەوەکرد کە بەدواداچوون بۆ داواکاری شاندەکە دەکەن و دۆسیەکە دەگەیەننە ناوەندی سەرەکییان. ستترول وتی، "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان لە بارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە دەکەین. ئەو دۆسیەی کە رادەستمان کراوە دەیگەیەنینە شوێنی پەیوەندیدار و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
هـ . ب