کۆنفڕانسی مێژوویی لە لۆزان بەردەوامە
لە لۆزانی سویسرا لەبارەی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی لەسەر کورد و کاریگەریەکانی لەسەر سەد ساڵی داهاتووی کورد، کۆنفڕانسێک بەڕێوەدەچێت.
لە لۆزانی سویسرا لەبارەی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی لەسەر کورد و کاریگەریەکانی لەسەر سەد ساڵی داهاتووی کورد، کۆنفڕانسێک بەڕێوەدەچێت.
کۆنفڕانسەکە بەدەستپێشخەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سازکراوە و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێ و تیایدا بابەتی جیاجیا گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت.
لە کۆنفڕانسەکەدا ٦٠٠ کەس بەشدارییان کردووە ، دوای خولەکێک رێزگرتن لە یادی شەهیدان لەسەر انوی کۆمیتەی ئامادەکار لەیلا ئیمرەت و رەفیق غەفور، هەروەها هاوسەرۆکانی کەنەکە ئەحمەد قەرەموس و زەینەب موراد ئامانجەکانی بەستنی کۆنفڕانسەکە خرانەڕوو.
'ئیرادەیەکی هاوبەش بێتە ئاراوە'
ئەحمەد قەرەموس ئاماژەی بەوەکرد، کە گرنگە گەلی کورد لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا ئەنجامەکانی ئەو پەیمانە هەڵبسەنگێنێت و دەستنیشانی کرد کە گەلی کورد ١٠٠ ساڵە لە بەرامبەر پەیمانەکە خۆڕاگری دەکات و لە دژی دەرهاویشتەکانی ئەو پەیمانە ئیرادەیەکی گەورەی لەخۆی نیشانداوە. قەرەموس سەرنجی راکێشا بۆ سەر گرنگی کۆنفڕانسە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە دەبێت بە نوێنەرایەتی گەلی کورد و لە سەر ناوی گەلی کورد ئیرادەیەکی هاوبەش بێتە ئاراوە.
لای خۆیەوە زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە هێمای بۆ ئەوە کرد کە گەلی کورد ١٠٠ ساڵە لە بەرامبەر پەیمانی لۆزان خۆڕاگری دەکات و ئەوەی خستەڕوو کە لەم سەردەمەشدا جینۆساید، کۆمەڵکوژی و بەنەبوو دانان و نکۆڵ کردن بەسەر گەلی کورددا پەیڕەو دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی لۆزان: دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کورد هەڵبدەینەوە
سەرۆکی شارەوانی لۆزان گیۆرگ ژوپۆند وتارێکی پێشکەش کرد و وتی لە ساڵی ١٩٢٣دا لەم شارەدا پەیمانێک واژۆ کراوە و ئەو پەیمانە بناغەی ستەم و ناهەقیەکی گەورەیە بەرامبەر کوردان. وتیشی، "لێرە دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کوردەکان هەڵبدەیەنەوە. دەمانەوێت لە شارەکەمان ئەمە بڵێین. گەلی کورد مافی ئەوەی هەیە وەک گەلانی دیکە بژی". گیۆرگ ژوپۆند ئەوەی خستەڕوو کە ئەو هۆڵەی کە لە ساڵی ١٩٢٣دا پەیماننامەکەی تێدا واژۆ کراوە، کردوویانەتە مۆزەخانە.
دوای وتەکانی سەرۆکی شارەوانی لۆزان کۆنفڕانسەکە بە نمایشکردنی بەڵگە فیلمێک لەبارەی پەیمانەکەوە بەردەوام بوو.
'رێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵە لە بەرامبەر لۆزان خۆڕاگری دەکات'
هاوسەرۆکی پەیەدە ئاسیە عەبدوڵا لە وتەکانیدا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پەیمانی لۆزان دەستپێک و سەرەتای جینۆسایدەکانە لە دژی گەلی کورد و وتی، "لە دژی پەیمانی لۆزان ١٠٠ ساڵە رەنجێکی گەورە، تێکۆشان و بەرخودان بەڕێوەچووە. وتیشی بە رێزەوە یادی ئەوانە بەرزڕادەگرم کە لەم تێکۆشانەی ئازادیدا پێشەنگایەتیان کردووە و شەهیدبوون. سەدەی ٢١ سەدەی ژنە. سەدەی ٢١ی سەدەی ئەو گەلانەیە کە لەگەڵ گەلی کورددا و لەپێناو داهاتوویدا تێدەکۆشن. ئەو سەد ساڵەی تێمانپەڕاند سەدەیەکە کە کورد دەتوانێت وانەی گەورەی لێبەدەستبهێنێت. لەو شوێنانەی مافەکانی گەلی کورد نکۆڵییان لێکراوە، بەرخودان هەیە. تێکۆشان هەیە. رێبەر ئاپۆ کە لەو سەدەیەدا گرنگی زۆری بە تێکۆشانی گەلی کورد داوە و پێشەنگایەتی تێکۆشانی کوردستانی کردووە، ٥٠ ساڵە لە دژی پەیمانی لۆزان بەرخودان دەکات. تێکۆشانی گەورەی کردووە. هەم لەپێناو کوردستان و هەمیش لە پێناو جیهان. ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی تێکۆشان بەڕێوەدەبات. ئەو تێکۆشانەی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت لە دژی ستەمە. سڵاو لە تێکۆشان و بەرخودانی رێبەر ئاپۆ دەکەین".
هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رەمزی کارتاڵیش ئاماژەی بەوەکرد کە بەر لە ١٠٠ ساڵ کوردستان دابەش کراوە و بەم جۆرە دووا:
گەلەکەمانیان لە مافەکانیان بێبەش کرد. من بە نوێنەرایەتی گەلەکەمان سەرجەم ئەو وڵاتانە شەرمەزار دەکەم کە ئەو پەیماننامەیان واژۆ کرد. هەموو شەهیدانی کوردستان کە لە سەد ساڵەی رابردوودا لەپێناو گەلی کورددا راپەڕین و لەو تێکۆشانەدا شەهیدبوون بە رێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. گەلەکەمان بۆ ئەو پەیماننامەیە ئامادەنەبوو. خاکەکەمانیان پارچەپارچەکرد. گەلەکەمانیان دابەش کرد. گەلەکەمانیان لە هەموو مافەکانی بێبەش کرد.
بناغەی هەموو ئەو سیاسەتانەی بەڕێوەدەچن لە لۆزاندایە. لۆزان هەروەها ئەنفالە، هەڵەبجەیە و شەنگالە. لە رۆژئاوای کوردستان پشتێنەی عەرەبیە، لە باکوری کوردستان پلانی چاکسازی رۆژهەڵات (شارک ئیسڵاحات)ە. لە رۆژهەڵات لەسێدارەدانی قازی محەمەد و کۆمەڵکوژی مەهابادە.
هاوسەرۆکی پەژاک سیامەند موعینی لە وتەیەکدا رایگەیاند: بە هۆی پەیمانی لۆزنەوە کورد رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە. موعینی ئەوەی خستەڕوو کە پەیمانی لۆزان ١٠٠ ساڵە لە دژی گەلی کورد بناغەی جینۆسایدی داناوە و هێمای بۆ ئەوە کرد کە دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو پەیمانە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا یەکدەنگ بێت و لە سەر بنەمای نەتەوەیی تێکۆشانی خۆی بگەیەنێتە ئاستێکی نوێ.
هـ . ب