کەنەکە: شۆڕشی رۆژاوا لە نۆهەمین ساڵوەگەڕیدا بە سەرکەوتوویی بەردەوامە

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى نۆهەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و بۆ بەهێزکردن و خاوەنداریکردن لە شۆڕش بانگەوازی کرد.

کەنەکە بە بۆنەى ٩هەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستەسەر رەنج و فیداکاریی شەڕڤانان، کە لە پێناو شۆڕشدا شەهید بوون.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

شۆڕشی رۆژاوا لە نۆهەمین ساڵوەگەڕیدا بە سەرکەوتوویی بەردەوامە

لە 19.07.2012دا کۆبانێ یەکەم هەنگاوی شۆڕشی هەڵینا و ئازاد کرا. دواتر بە ئازادکردنی دێریک و عەفرین رەوتەکە فراوانتر بوو، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو سەرانسەری رۆژاوای کوردستانی گرتەوە. ئەم بەرەوپێشچوونی شۆڕشە هەر بەردەوامە. سەرەتا سێ کانتۆن ( جزیرە، کۆبانێ، عەفرین) دامەزران. لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا. دواتر بە ئازادکردنی گرێ سپی و بەستنەوەی هەردوو کانتۆنی جزیرەو کۆبانێ پێکەوە، شۆڕش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە. دواتر ناوچە داگیرکراوەکانی وەک حەسەکە، هۆل، شەدادی، مینبج، تەبقە، رەققەو باکورو رۆژهەڵاتی دێرەزور یەک لەدوای یەک ئازاد کران. سیستەمی خۆبەڕیوەبەریی هەنگاو بە هەنگاو جێی خۆی گرت. ئێستاش رێکخستنی بەڕێوەبەرێتی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا نوێئەکرێتەوە. ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی هەرێمەکان رێکئەخرێنەوە.

شۆڕشی رۆژاوای کوردستان هەر تەنیا شۆڕشێکی چەکداریی نەبوو  لە بەرامبەر داگیرکاریی و دەسەڵاتی هەژمونگەرایی رژێمی سوریا. بەڵکو پڕۆژە و مۆدێلێکی خۆ بەڕیوەبەرییە. لەسەر بنەمای ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانی جێندەریی و پێکەوەژیانی گەلان و ژینگەپارێزیی دامەزراوە. ئەم پڕۆژەیە سەرنجی زۆرێک لە دۆستانی کوردستانی راکێشا. لە سەرانسەری دنیاوە بەدەیان دۆست و هاوکار روویان کردە رۆژاوای کوردستان. زۆرێک لەوانیش بۆ پاراستنی ئەو مۆدێلە نوێیە گیانی خۆیان بەخت کرد. نەمری و سەربەرزی بۆ هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بە ئازادی و پاراستنی رۆژاوا بەخشی.

 بێگومان بەگەڕخستنی مۆدێلێکی لەو چەشنەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە کارێکی هەروا ئاسان و بێ کێشە نییە. بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هێرشی دوژمنانیا بێت. لەژێر ئابڵوقەی ئابووری  چواردەوریدا بێت.

سەرکەوتنێکی دی هەرە مەزنی رۆژاوا تێکشکاندنی هێز و دەسەلاتی تاریک و دڕندانەی داعش بوو. داعش کە زیاتر لە نیوەی جوگرافیای سوریای داگیرکردبوو، هێزێکی سەربازیی گەورەو دەوڵەتێکی لە ناوچەکەدا دامەزراندبوو. لەسەر دەستی ئازادیخوازانی کوردستان و هاوکارانیان تێکشکاو هەڵوەشا. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژوویی شەرڤانانی کوردستان بوو. سەرکەوتنێک کە گەل و هێزی ئێمەی زیاتر بە دنیا ناساند، رێگای ئازادی و ئاشتی و چارەسەریی خۆشتر کرد. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی دی پێرۆزبایی لە یەپەگەو یەپەژەو قەسەدە ئەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ ئەخوازین. بێگومان بۆ ئەم سەرکەوتنەش قوربانی زۆر درا. بە خوێنی سەدان شەهیدو بریندار بەدەستهات. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر لە کەسێتی شەهیدانی رۆژاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە رێزوشکۆوە بەبیر دێنینەوەو لەبەرامبەر رۆحی پاکیان سەری رێز دائەنەوێنین.

بەڵام لەگەڵ ئەم دەسکەوتانەشدا، تا ئێستاش هێرش بۆ سەر رۆژاوا، هێرش بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا  بە ئەرێکردنی روسیا و چاوپۆشی هێزە نێودەوڵەتییەکانی دی، لە سەرەتای ساڵی 2018دا هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد. دوای ئەوەش هێرشی کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و چەند شوێنێکی داگیرکرد. لە هەرێمی عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی دی، گەل و شەڕڤانانی ئازادیی بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان کرد و تا ئێستاش بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیاو هاوکارانی هەر لەسەر هەڕەشە و هێرش بەردەوامن. نەیارانی گەلی ئێمەو هاوکارانیان بە هەموو توانایانەوە لە کاردان و لە هێرش و پەلاماردانە دڕندانەکانیان نەوەستاون. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا، شەڕی ئازادی، شەڕی دژی داگیرکاریی، بە قارەمانی و دڵسۆزی بەردەوامە.

شۆڕشی رۆژاوا، بە فیداکاریی، بە قارەمانی و بە خوێنی پاکڕەوانان سەرکەوتن و دەسکەوتی بەدیهێناو پێشکەوت. بۆ ئەوەی شۆڕش بەرەوپێش بچێت، بۆ ئەوەی گەل و وڵات ئازاد ببێت، قوربانی زۆر درا. بەرخۆدان بە هیممەتی کچان و کوڕانی کوردستان، لەسەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە. بەتایبەتیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێ، بوو بە سیمبوڵ و داستانێکی نێونەتەوەیی.

شۆڕشی رۆژاوا نەک هەر بەهۆی خۆپاراستن و قارەمانێتی، بەڵکو لەبەرئەوەش کە خۆی خۆی بەڕیوە ئەبات، لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، لەبەر خەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و رێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکدا بووە بە نموونە. بەتایبەیتش کە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەر سیستەمی کۆنی دەسەلاتداریی لە ناوچەکەدا خستۆتە بواری پراکتیکەوە. لەو سیستەمەدا رۆڵی ژنی ئازاد بووە بە نمونەیەکی جیهانی و سەرنجی دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە. رۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی رۆژاوادا کەوتۆتە رۆژەڤی دنیاوەو بە سەرسامییەوە لە سەر ئاستی جیهان کاری لەسەر ئەکرێت.

هەروەها لەبوای یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوی جدی نرا. چەند کۆبوونەوە لەگەڵ پارت و رێکخراوە جیاوازەکانی رۆژاوا بەڕیوەچوو. گەیشتە ئەنجام و لێکتێگەیشتنی باش.

شۆڕشی رۆژاوا بە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ و کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، لە هەشتەمین ساڵیادی خۆیدا ئەژی و بە سەرکەوتوویی بەردەوامە.

بەو بۆنەیەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پیرۆزبایی هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژاوا، سەرەتا لە شەڕڤانانی ئازادی و تەواوی گەلی کوردستان ئەکەین. لە کەسێتی شەهیدانی رۆژاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیر دێنینەوە و سەری رێز لە بەردەم گیانی پاکیان دائەنەوێنین.

ژ.ت