"کەشتیی ئازادی" بۆ رێبەری گەلی کورد بەرەو ناپۆلی کەوتەڕێ

دەستەى چالاکیی "کەشتیی ئازادی" دوێنێ دەستیان بە چالاکییەکەیان کرد و لەگەڵ حیزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی یونان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. دەستەى چالاکییەکە ئەمڕۆ لە ئەسیناوە بەرەو ناپۆلی دەڕۆن.

دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کاتیەتی؛ ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان"، کە چەندین چالاکیی جۆراجۆریان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامداوە، ئەمجارەش چالاکیی "کەشتیی ئازادی"یان رێکخستووە.

"کەشتیی ئازادی" لە ئەکادیمییەکان، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، نووسەران، داکۆکیکارانی ئاشتی، نوێنەران و چالاکوانانی بزووتنەوەى ژنان پێکهاتووە، کە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، سویسڕا، بەڕازیل، ئیسپانیا، سوێد، یونان، ئیتالیا و بەریتانیاوە بەشداری چالاکییەکە بوون. ئەمڕۆ لە لاڤیرۆی ئەسینای پایتەختی یونان کەشتیی ئازادی بەڕێدەکەوێت و روو لە ناپۆلی دەکات.

کەشتییەکە لە ١٢ی تشرینی دووەم دا لە ئیتالیا بە شێوەیەکی جەماوەری پێشوازیی لێدەکرێت. ٢٣ ساڵ لەوە پێش لەو رۆژەدا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە یونانەوە گەیشتبووە ئیتالیا.

چالاکوانانی "کەشتیی ئازادی" پێرێ دەستە دەستە گەیشتنە یونان و لە دوای گەیشتنیان دوێنێ دەستیان بە کار و بەرنامەکانیان کرد.

چالاکوانانی "کەشتیی ئازادی" لە شاری ئەسینا کۆبوونەوە و سەردانی ناوەندی گشتیی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی سیریزا (هاوپەیمانیی چەپی رادیکاڵ)، یەکێتیی گەلی (LAE)، شەپۆلی چەپی نوێ (NAR) کرد.

لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ ئەو لایەنانەدا ئاماژەیان بە رۆڵی یونان لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا کرد و بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد داوا لە بەرپرسانی یونان کرا، کە بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان هەستن.

چاوپێکەوتنەکان لە دوو قۆڵەوە ئەنجامدران

چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێتیی گەلی (LAE) لەلایەن سالڤاتۆر مالین کۆنیکۆ (Salvatore Malinconico) فەیلەسوف و نووسەری ئیتالیا، یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە ئەوروپا، نورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتاری پێشوو و لەیلا ئیمرەت هاوسەرۆک شارەوانیی پێشوو ئەنجامدرا.

مالین کۆنیکۆ، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەى ئازادیی ئۆجالانە لە ئیتالیا رایگەیاند، "ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت کێشەکانی دەیان ساڵەى گەلانی ناوچەکە چارەسەر بکات".

مالین کۆنیکۆ راشیگەیاند، دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەى پەکەکە لە "لیستی رێکخستنە تیرۆریستییەکان" دەربهێنرێت و ئەوەشی راگەیاند، "لەو بابەتەدا ئێمە چاوەڕێی پشتیوانی لە یەکێتیی گەلی (LAE) دەکەین".

دیمیترسی ستراتۆلیس سکرتێریی یەکێتیی گەلی (LAE) و وەزیری پێشووی ناوخۆی یونان پێشوازیی لە شاندەکە کرد و وتی، "بە ناوی حیزبەکەمانەوە ئێمە داوای چارەسەرکردنی کێشەى کورد و ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین و کاریشی بۆ دەکەین. بۆ ئێمە جێگای سەربەرزی و شانازییە، کە خانەخوێی لە چالاکییەکی لەو شێوەیە دەکەین".

شاندەکە لە دوو قۆڵەوە بە درێژایی تەواوی رۆژەکە چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و سەردانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شارەکەشیان کرد.

لە تۆڕی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان(DIKTIO)ەوە تاوەکو کورتۆڤیک گیانا، جیانۆپولۆس نیکۆس، رۆڵهۆزێر ئاکسیم و فاریس ئانتۆنیس، چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.

پارێزەری ستیفانۆ مانیرۆنی لەسەر پارادیگمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی عەبدوڵا ئۆجالان زانیاریی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی تێکۆشانی هاوبەش و پێکەوەیی گەلان کردەوە.

هەروەها سەرۆکی فەخریی هەدەپە ئەرتوغرول کورکچو لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە وێرانکارییەکان، هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان و هێرش بە چەکی کیمیایی کرد.

جیانۆپۆلۆس نیکۆس لە رێکخراوی تۆڕی مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان (DIKTIO) وتی، دیلکردن و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان قبوڵ ناکرێت و وتیشی، "گەلی یۆنان لەگەڵ گەلی کوردە".

کۆبوونەوە لەگەڵ سیریزا

هەر لەو ماوەی ئەو ڕۆژدا دیدارێکی تر لەگەڵ پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی سیریزا (هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵ) بەڕێوەچوو.

سەرۆکی فەخریی هەدەپە ئەرتوغرول کورکچو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بەسیمە کۆنجا، هاوسەرۆک شارەوانیی پێشووی جزیر لەیلا ئیمرەت و سیاسەتمەداری کورد ئەیوب دۆرو سەردانی ناوەندی گشتیی سیریزایان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا مانۆلیس ساریس سەرۆکی کۆمسیۆنی پەنابەران لە سیریزا، نوێنەری مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و یەکێک لە یەکەمین پارێزەرانی ئۆجالان کۆرینا ڕیپۆسی، ئەندامی سەنتەری گشتیی سیریزا پانۆس لامبرۆ و پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا  سیریزا ئانیتا کاڤادیا ئامادەی چاوپێکەوتنەکە بوون.

کورکچو لە کۆبوونەوەکەدا زانیاری لەسەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کردەوە دژە دیموکراتییەکان پێشکەش کرد.

کورکچو ڕایگەیاند، گۆشەگیری تەنها بە هاتنەدی و دروستکردنی تورکیایەکی دیموکراتیک لەناو دەبرێت.

بەسیمە کۆنجا ئاماژەی بە سیستمی ئەشکەنجە لە ئیمڕاڵی کرد و داوای لە سیریزا کرد، کە لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی یۆنان، کە بووە بەشێک لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی، هەڵوێست وەربگرێت.

ئانیتا کاڤادیا لە چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاند، ئەم سەردانە بە گرنگ دەزانن و ڕاشیانگەیاند، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و داوای لە تورکیا کرد، گۆشەگیری هەڵبگرێت و ئازادیی ئۆجالان مسۆگەر بکات.

پانۆس لامبرۆش رایگەیاند، هەدەپە حزبی برایە و سیریزا ماڵی کوردانە. پانۆس لامبرۆ وتی، تورکیایەکی دیموکراتیک تەنها بە قبوڵکردن و داننان بە مافەکانی کورد دا بەدی دێت.

پانێلی 'کاتیەتی'

لە ماوەی ئەو ڕۆژەدا بە بەشداریی ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری نووسینگەى مافەکانی سەدە پانێلێک بە ناوی "کاتیەتی: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتی بۆ کوردستان" ڕێکخرا.

ئیبراهیم بیلمەز لە کەسایەتیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا باسی لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژ بە گەلی کورد کرد و باسی لە هەلومەرجی گۆشەگیریی قورسی ئیمراڵی کرد.

ئیبراهیم بیلمەز ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک ئیمڕاڵی کردووە بە ناوەندێکی ئەشکەنجە و وتی، ئەرکی گەلانە، کە ئازادیی ئۆجالان مسۆگەر بکەن.

"کەشتیی ئازادی" ئەمڕۆ (٩ی تشرینی دووەم) لە بەندەری لاڤریۆ بەرەو ئیتالیا بەڕێ دەکەوێت.

ژ.ت