لە چەند شارێکی ئەوروپا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، بە پێشەنگایەتی فیدراسیۆن و ناوەندەکانی سەر بە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە، مەجلیسەکانی سەر بە تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە) و ڕێکخراوەکانی گەنجانی کورد چالاکی ئەنجامدرا.
ستۆکهۆڵم
لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، لەسەر بانگەوازی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە) ڕێپێوان ئەنجامدرا.
پێش ڕێپێوانەکە هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد و ڕۆژنامەوان کوردۆ باکسی قسەیان کرد.
زەینەب موراد بانگەوازی لە تەواوی کوردستانیان کرد بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەنگ هەڵبڕن و گوتی: "با هەمووان بزانن، هەرچییەک ڕووبدات، دەست لە گەلی ڕۆژئاوامان هەڵناگرین".
پاش قسەکان سەدان کەس ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بژی بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە" و "بژی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا" و "بمرێ داگیرکاری دەوڵەتی تورک" بەرزکرایەوە.
کوردستانیان بڵاوکراوەیان بەسەر سویدییەکاندا دابەشکرد و زانیارییان دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوا پێ بەخشین.
ڕاگەیاندرا، چالاکییەکانی لەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، هەوڵی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا درێژە پێ دەدەن.
هامبۆرگ
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.
ئەنتەرناسیۆنالیست و گرووپە چەپەکانی تورک بەشداری چالاکییەکە بوون بە پێشەنگایەتی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی هامبۆرگ (دەکتەم) و مەجلیسی ژنانی ڕۆژبین و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ.
لە چالاکییەکەدا لەسەر ناوی مەجلیسی ژنانی ڕۆژبین ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، جەختکرایەوە پێویستە هەمووان خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن.
هەزاران کەس بەشداری ڕێپێوانەکە بوون و درووشم بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا بەرزکرایەوە.
دان هاگ
لە شاری کورتێ ڤۆرهۆتی شاری دان هاگی هۆڵەندا، چالاکییەک ئەنجام درا. چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی دەم_نەد ئەنجامدرا و جەماوەر درووشمیان بەرزکردەوە و بەڵێنی پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوایان دا.
بۆدێنسی
کوردستانیان لە هەرێمی بۆدێنسی لە ویلایەتی بادێن_ڤوتەمبێرگی ئەڵمانیا، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، دۆستانی کورد تێیدا بەشداربوون.
لە گردبوونەوەکەدا سەدان بڵاوکراوە دابەشکران و پەیامی "ڕۆژئاوا هێڵی سوورمانە، تا کۆتایی لەدەوری ڕۆژئاوا دەبین" دووپاتکرایەوە.
بازل
لەسەر بانگەوازی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە_سە) کوردستانیان و دۆستەکانیان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.
لەسەر ناوی یەژەکە_سە قسە کرا، بانگ لە گەل و ژن و دۆستەکان کرا ڕۆژئاوا بپارێزن، گوترا: "بەرخۆدان ئەڵتەرناتیڤێک نییە، ئەرکە".
پاشان بە ناوی سکرتێری پارتی بازل باستا، فرانسیسکا ستێر قسەی کرد، جەختی کردەوە پێویستە خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکرێت.
پاشان جەماوەر سەرەڕای باران بە بەرزکردنەوەی درووشـم ڕێپێوانیان کرد.
هاوسەرۆکی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا دیلان چەتین کایا قسەی کرد، گوتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە. پاراستنی شۆڕشەکە، ئەرکی ئێمەی ژنانە".
چالاکییەکە بە درووشـمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.
درێسدن
لە شاری دێرسدنی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە گردبوونەوەکەدا جەختکرایەوە پێویستە ناڕەزایەتییەکی نێونەتەوەیی بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان نیشان بدرێت. لە گردبوونەوەکەدا سەدان بڵاوکراوە دابەشکران و بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ١٤ ی کانوونی یەکەم.
چالاکیەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.
ژنێڤ
تۆڕی سەرهەڵدانی ئەنتەرناسیۆنالیست کە لە فەرەنسا و بەلژیکا و سویسرا کار بۆ پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات، لە ژنێڤ چالاکییەکی ئەنجامدا، بانگەوازی کرد بۆ خاوەنداری لە ڕۆژئاوا.
جەماوەر لە گۆڕەپانی ناڤیگەیشن کۆبوونەوە و لەسەر ناوی تۆڕی سەرهەڵدان پەیامێک درا.
لە پەیامەکەدا گوترا: "ئێمە هاوشانی گەلی کورد، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەپارێزین".
پاش وتەی هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل، چالاکییەکە کۆتایی هات.
لۆرێنت
لەسەر بانگەوازی جەدەکە_فە، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لۆرێنتی فەرەنسا کۆبوونەوە.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، چەند وتەیەک پێشکەش کرا، تیشکخرایەسەر گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا. گوترا: "وەک چۆن گەلی کورد بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ داعشی شکاند، چارەنووسی چەتەکانیش هەمان شت دەبێت".
هەروەها تیشکخرایە سەر بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕای گشتی، داواکرا خاوەنداری لە بەهاکانی ئازادی بکرێت.
چالاکییەکە بە دابەشکردنی بڵاوکراوە و بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.
فرانکفۆرت
لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان بە پێشەنگایەتی تەجەشە و تێکۆژن ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا، سیاسەتمەداری کورد فەیسەڵ ساری یەڵدز گوتی: "ئەمڕۆ گەنجانی کورد دژی چەتە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن. پێویستە خاوەنداریان لێ بکەین".
دواتر ڕاگەیاندراوی هاوبەشی تەجەشە و تێکۆژن خوێنرایەوە.
مارسیلیا
لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە پێشەنگایەتی تەجەشە دژی داگیرکاری و گۆشەگیری ئیمراڵی ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.
لە چالاکییەکەدا درووشمەکان بۆ سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی ئیمراڵی بەرزکرایەوە.
لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و تیشکخرایەسەر هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا.
نانس
لە شاری نانسی فەرەنسا چالاکییەکی جەماوەری ئەنجامدرا.
لە چالاکییەکەدا تیشکخرایە سەر گرنگی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا. هاوکات پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکانی فەرەنسا پشتگیری خۆیان نیشاندا.
دواتر لەسەر ناوی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی نانس کاوە زیندار ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی داعش نەیتوانی ئەنجامی بدات، ئێستە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت بە ئەنجامی بگەیەنن. داوای کرد خاوەنداری لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بکرێت.