لە بەردەم پەرلەمانی دوسلدۆرف بۆ ٥ رۆژ لە دژی هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورک چادر هەڵدرا

فیدراسیۆنی فەد مەد و یەژەکە – ئەوروپا بۆ سەرنج ڕاکێشانە سەر هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک لە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی راین وێستفالیای باکوور (NRW) لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بۆ ماوەى ٥ رۆژ چادریان هەڵدا.

لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا و لە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی راین وێستفالیای باکوور (NRW) چادر بۆ ئیدانەکردنی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵدرا و چالاکییەکە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

چالاکییەکە بە پێشەنگایەتیی فیدراسیۆنی مەد (فەد - مەد / Fed-Med) و یەکێتیى ژنانى کورد لە ئەوروپا (یەژەکە ئەوروپا - YJK-E) لە هەرێمی راین وێستفالیای باکوور (NRW) بەڕێوەدەبرێت. چالاکییەکە بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر هێرشە داگیرکاری و هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر باشووری کوردستان. چالاکوانان دەیانەوێت سەرنجی رای گشتی بۆ ئەو پرسە ڕابکێشن و دەزگا پەیوەندیدارەکان بهێننە سەر خەت.

لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکەدا پۆستەرێک هەڵواسرا، کە وێنەی گەریلا شەهیدەکانی چەکی کیمیایی پێوە بوو. هەروەها ڕاگەیەندراوێک بە چاپەمەنییەکان و راگەیاندنەکان درا.

دوای راگەیاندراو لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، نوێنەرانی رێکخراوەکانی رێکخەری ئەو چالاکییە لێدوانیان دا.

ئەنگین سەڤەر هاوسەرۆکی کۆن مەد وتی، سوپای تورک بە شێوەیەکی بێسنوور تاوانی جەنگ لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات.

ئەنگین سەڤەر رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی نیسانەوە بە هاوکاریی خائینانی باشووری کوردستان چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت و وتیشی، "ئەوە لە هێرشێکی داگیرکاری زیاترە. هەموو کەس بەرامبەر ئەو هێرشە نامەردانەیەدا بێدەنگە. لە پێش هەموویانەوە حکومەتی ئەڵمانیا و دەوڵەتانی ئەوروپی و دامەزراوە ئەوروپییەکان، کە هێرش بە چەکی کیمیایی قەدەغە دەکەن، بە بێدەنگیی خۆیان بوونەتە هاوبەشی ئەم شەڕە. بۆیە پێویستە دەستبەجێ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە و هێرشی کیمیایی دژ بە گەلی کورد رابوەستێنن".

چالاکوانی یەژەکە ئەوروپا رایگەیاند، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا بەرخۆدانێکی بێوێنە هەیە و وتی، "دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و داگیرکەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی جارێکی دیکە ڕووی راستەقینەى کۆمەڵکوژکار بوونی خۆی نیشاندایەوە".

نوێنەری بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕیش وتی: "گەورەترین وەڵام بۆ ئەو هێرشانە بەشداریکردنی گەنجانی کوردە لە بەرخۆدانی زاپ و ئاڤاشین و پاراستن و بەرگریکردنە لە کوردستان".

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی، "ئەردۆغانی کیمیایی"، "تیرۆریست ئەردۆغان"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" وترانەوە.

چالاکی چادرهەڵدانەکە ئەمڕۆ لە نێوان کاتژمێر ١٣:٠٠ بۆ ١٧:٠٠  لە بەردەم پەرلەمان بەردەوام دەبێت.

ژ.ت