لە بێرن و جنێڤی سویسرا یادی ٣ ژنی شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە

لە شارەکانی بێرن و جنێڤی سویسرا یادی ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) کرایەوە، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریس تیرۆر و کۆمەڵکوژ کران.

بێرن

بە رێکخستنی چالاکییەک لە شاری بێرنی پایتەختی سویسرا لە بەردەم باڵیۆزخانەى فەرەنسا یادی ساکینە جانسز (سارا) ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان کرایەوە.

چالاکییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی مزگین-ەوە رێکخرابوو. لە چالاکییەکەدا داوای روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە کرا. لە وتەکاندا بە ناوی ئەنجوومەنەکەوە راگەیاندرا، "دەوڵەتی تورک بە دەستی میت لە پاریس ٣ ژنی شۆڕشگێڕی تیرۆر کرد. فەرەنسا بۆ ئەوەى بەرپرسیاریی خۆی بە جێبهێنێت، دەبێت کۆمەڵکوژییەکە روون بکاتەوە. تاوەکو فەرەنسا ئەو کۆمەڵکوژییە روون نەکاتەوە، وەک هاوکاری تاوان سەیر دەکرێت".

چالاکییەکە بە دانانی تاجە گوڵینەى رەش لەبەر دەرگای باڵیۆزخانەکە و بە وتنەوەى دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "سارا، رۆژبین و رۆناهی" کۆتایی پێهات.

جنێڤ

ژنان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا رێپێوانیان ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا پۆستەرێکیان بەرزکردبووە، کە لەسەری نووسرابوو "ئەردۆغان بەرپرسیاریی کۆمەڵکوژییەکەیە و دەبێت دادگایی بکرێت" و هەروەها وێنەى ٣ ژنە شۆڕشگێڕەکەشیان بەرزکردبووە.

بە ناوی یەکێتیی ژنانی کوردستان لە سویسرا وتەیەک پێشکەش کرا و راگەیاندرا، "جانسز، دۆغان و شایلەمەز بە فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک تیرۆرکراون. ئەو تیرۆر و کۆمەڵکوژییە یەکێکە لە تاوانەکانی ئەردۆغان، کە دەبێت لەسەری دادگایی بکرێت".

ئاماژە بەوەشکرا، دەبێت فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئەردۆغانی بکوژ و هەزاران مرۆڤی پەلاپیتکەکێشییەوە و بەهۆی ئەنجامدانی سەدان کۆمەڵکوژییەوە دەستبەکار ببن. دەبێت دەوڵەتی فەرەنسا ئەو کۆمەڵکوژییە روون بکاتەوە و ئەردۆغان لە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکات".

چالاکییەکە بە خوێندنەوەى راگەیاندراو بە زمانی فەرەنسی و وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت