لە فەرەنسا یادی جانسز و دۆغان و شایلەمەز کرایەوە

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە چەندین شاری فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و یادی کۆمەڵکوژییەکەى ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریسیان کردووە، کە ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کوردی تیادا شەهید بوو.

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ساکینە جانسز (سارا) ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان لە شاری پاریسی فەرەنسا تیرۆر کران. لە ٨هەمین ساڵیادی ئەو تیرۆرەدا کوردستانیان و دۆستەکانیان لە چەندین شاری فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئیدانە کرد.

ستراسبۆرگ

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسادا و لە ٨هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى پاریس دا، بە رێکخستنی چالاکییەک ئەو کۆمەڵکوژییە ئیدانە کرا.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە بەردەم وێستگەى ناوەندیی میترۆی ستراسبۆرگ کۆبوونەوە و کۆمەڵکوژییەکەى پاریسیان  ئیدانە کرد.

لە چالاکییەکەدا بە ناوی رێکخراوەکانی CNKS ، گاردی ٦٧، پارتیزان، بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا و دەستپێشخەریی ژنانی زین، باوکی فیدان دۆغان وتەیەکی پێشکەشکرد.

چالاکییەکە لە دوای وتەکان بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

رێن

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری رێنی فەرەنسا لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى پاریس دا رژانە سەر شەقامەکان.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە گۆڕەپانی پڵاس دو کۆلۆمبیا کۆبوونەوە و بە وتنەوەى دروشم دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد. بە درێژایی رێگای رێپێوانەکە راگەیاندراو بەسەر هاووڵاتییانی سنووری رێپێوانەکەدا بڵاوکرایەوە.

گەل لە دوای رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ریبوپلیکا کۆبوونەوەیەکیان رێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند، پێویستە بکوژەکان دادگایی بکرێن.

هەروەها سڵاو لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان کرا و داوای خاوەنداریکردن لە بەرخودانی زیندانیان کرا.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە رێپێوان و کۆبوونەوە یادی سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە.

رێپێوانەکە لە کانابیرە دەستیپێکرد و کوردستانیانش، بەپێی بەرنامەى پێشوەختەت لە دارانگوینگان، مۆنتپیلەر و لیۆنەوە بەشداری رێپێوانەکەیان کرد.

کوردستانیان و دۆستەکانیان، کە نزیکەى ٥ هەزار کەس دەبوون بەرەو گۆڕەپانی ڤیوکس پۆرت رێپێوانیان ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی جانسز، دۆغان و شایلەمەز و عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەزرکرانەوە.

چالاکوانان لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی "پێویستە ئەردۆغانی بکوژ و هاوکارە فەرەنسییەکانی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترانەوە و لە گۆڕەپانی ڤیوکس پۆرتیشدا کۆبوونەوەیەکیان رێکخست.

کۆبوونەوەکە لە گۆڕەپانەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد و رایانگەیاند، پیویستە ئەردۆغان دادگایی بکرێت و بە خێرایی ئەو کۆمەڵکوژییە روون بکرێتەوە.

تولوس

لە شاری تولوسی فەرەنسا یادی ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریس کۆمەڵکوژکران.

چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد و بە خوێندنەوەى راگەیاندراو درێژەى پێدرا. وتەبێژی رێپێوانی ژنانی جیهان مارلی تریسی وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، بەهۆی سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەردۆغانەوە سێ ژنی شۆڕشگێڕ شەهید بوون. تاوەکو دادپەروەری بەدی نەیەت ئێمە بێدەنگ نابین.

چالاکییەکە بە وتنەوى دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت