لە هال و هامبورگ و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژییەکەى پاریس ئیدان

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارەکانی هال و هامبورگ و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا رژانە سەر شەقامەکان و کۆمەڵکوژییەکەى پاریسیان ئیدانە کرد.

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ساکینە جانسز (سارا) ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان لە شاری پاریسی فەرەنسا تیرۆر کران. کوردستانیان لە ئەڵمانیا لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەدا رژانە سەر شەقامەکان.

هال

لە شاری هالی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی پاریس بە رێکخستنی گردبوونەوەیەک ئیدانە کرا.

لە چالاکییەکەدا مەندەرەس جانبەک بە ناوی فەد – کوردەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ئێمە چەند دەزانین بکوژەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە کێن، ئەڵمانیا و فەرەنساش ئەوە دەزانن. ئەگەر ئەو دەوڵەتانە پێبەندی مافەکانی مرۆڤن لە ئەوروپا، با بکوژەکان و بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی بکرێن".

هامبورگ

لە شاری هامبوری ئەڵمانیا یادی شەهیدانی پاریس کرایەوە و سەدان کەس بەشداری یادەکە بوون و رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

رێپێوانەکە لە بەردەم وێستگەى سەرەکیی میترۆی هامبورگ بە رێزگرتن دەستیپێکرد.

لەیلا کایا بە ناوی ئەنجوومەنی ژنانی رۆژبین-ەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، "سارا، رۆژبین و رۆناهی لەسەر رێگای شۆڕش شەهید بوون و هەتا هەتایە لە ناو تێکۆشانی ئازادیی ژناندا بە زیندوویی دەمێننەوە".

رێپێوانەکە تاوەکو گۆڕەپانی دامتۆر بەردەوام بوو، کە کۆنسوڵخانەی تورکیای تیادایە. دوای رێپێوانەکە جانسو ئۆزدەمیر پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا رایگەیاند، ٨ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەڕیوە، بەڵام تێکۆشان و خەونی جانسز و هەڤاڵەکانی لە تێکۆشانی ژناندا بەردەوامیی هەیە و بە زیندوویی دەمێننەوە.

فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیاش چالاکییەک لەلایەن یەکێتیی ژنانی کورد هیسن رێکخرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە فرانکفۆرت، دارمشتاد، مانهایم، گیسن و ئۆفێنباخ لە بەردەم وێستگەى سەرەکیی میترۆی فرانکفۆرت کۆبوونەوە.

جەماوەری بەشداربووی چالاکییەکە پۆستەرێکیان بەرزکردەوە، کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد لە بیر ناکەین، بەرپرسی کۆمەڵکوژیی پاریس ئەردۆغانە" بەرزکردبووە و دەستیان بە رێپێوانکرد و لە هاوپواخ-یش کۆبوونەوەیەکیان رێکخست.

مورشیدە جیزرە لە چالاکییەکەدا بە ناوی یەکێتیی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، "بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژیی پاریس، ئێمە لێرەین. ساڵەهای ساڵە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، لە ناوەندێکی ئەوروپادا ژنانی کورد کۆمەڵکوژکران، ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا بێدەنگ بوو. ئەو کۆمەڵکوژییە لە کەسایەتیی جانسز لە دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە. لە کەسایەتیی جانسز دا کۆمەڵکوژیی دووەمی دێرسیم ئەنجامدرایەوە".
ژ.ت