بە دیمەن

لە کەرکوک بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک بەبۆنەی ١٢٧ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەگەریی کوردی کۆڕێک بۆ پرۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عەبدولواحید ڕێکخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هۆڵی کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەبۆنەی یادی ١٢٧ ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی، کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە کەرکوک، بە هاوکاری لەگەڵ سەنتەری دیالۆگی ئایینەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی، کۆڕێکی بۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئازاد عەبدولواحید کەریم) بەڕێوبەری سەنتەری دیالۆگی ئایینەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی ڕێکخست.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا، ئامادەبووان بۆ ڕێز گرتن بۆ تەواوی شەهیدانی رۆژنامەگەریی جیهان بەگشتی و رۆژنامەنووسانی کورد بەتایبەتی ساتێک وەستان، پاشان لە کۆڕەکەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عەبدولواحید، باسی لە مێژووی دامەزراندنی رۆژنامەگەری کوردی کرد و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کورد، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و شکۆ و تێکۆشانە، چونکە هەر زوو ڕووناکبیرانی کورد بیریان لە دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی کردەوە، هەروەها یەکەمین ژمارە لە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی کە بەناوی ”کوردستان" لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لە شاری قاهیرە لە لایەن "میقداد مەدحەت بەدرخان"ەوە دەرچوو.

پاشان ناوبراو قۆناغەکانی رۆژنامەگەریی کوردی بۆ سێ قۆناغ دابەش کرد و بەم شێوەیەش باسی لە قۆناغە جیاوازەکانی کردو ئاماژەی بەوەکرد، "مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی بە سێ قۆناغدا تێپەڕێوە، یەکەم قۆناغ لەلایەن حزب و ڕێکخراوەکانەوە رۆژنامە دامەزراو، قۆناغی دووەم لەلایەن کەسایەتییە رۆشنبیرییەکان لەسەر ئەرکی تاکە کەسی رۆژنامە دامەزراوە، قۆناغی سێیەمی رۆژنامەگەریی کوردی دەرچوونی رۆژنامەی و ئەدەبیاتی دەسەڵات بووە کە لەو سەردەمە لەلایەن ئینگلیزیەوە دەردەچوو و بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی و پەروەردەکردنی خەڵکی بە سیاسەتەکانی ئینگلیز".

'یادی ئەو رۆژە ئەرکێکی نشتیمانییە'

سەبارەت بە ١٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەگەریی کوردی، پرۆفیسۆر دکتۆر ئازاد عەبدولواحید، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم ساڵیادی مێژووی دامەزراندنی و سەرهەڵدانی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردییە، ساڵانە ئەو دەزگا ڕۆشنبیرانەی کە بایەخ بە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری ئەدەن، یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە ڕەنگە ئەوە ئەرکێ مێژووی بێت کە ئەو کەسانەی لە بواری ڕۆژنامەنووسی کار ئەکەن دەبێت ئەو یادە وەکو هەستێکی نیشتیمانی بایەخێکی تەواوی پێبدەن، رۆژنامەگەریی کوردی لە سەرەتای دامەزراندنی تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ بە چەند قۆناغێک تێپەرێوە، ئەو قۆناغانەش بریتین لە قۆناغی یەکەم کە لەلایەن حزب و ڕێکخراوە کوردییەکانەوە بەڕێوەچووە، پاشان کەسایەتییە رۆشنبیری و نشتیمانپەروەرەرەکان ئەرکی دەرچوونی رۆژنامەگەریی کوردییان گرتۆتەوە ئەستۆ، قۆناغی داوتر قۆناغی هاتنی ئینگلیزە بۆ عێراق، ئینگلیز وەکو وڵاتێک لەدوای داگیرکردنی عێراقەوە سەرپەرشتی کوردستانیان کردوو بۆیە رۆڵی گەورەی هەبووە لە قۆناغی سێیەمی مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی کە ئینگلیز لە ڕێگەی رۆژنامەکانیەوە سیاسەتی خۆی بە کۆمەڵگادا بڵاودەکردەوە".

'لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژنامەگەریی کارێکی پێویستە'

هەروەها ناوبراو ووتیشی: "ئێمە لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری ڕۆژنامەگەریی کارێکی پیویستە و پێویستە هەموو ئاڵنگارییەکان بخەینەڕوو تاوەکو چارەسەر بۆ کێشەکان بدزۆزینەوە، رۆژنامەگەریی کوردی تاوەکو ئیستا رۆڵێکی زۆر باشی گێڕاوە بەراورد بە رۆژنامەی گەلانی ناوچەکە، هەروەها لە بەشێ دووەمی کۆڕەکەدا باسی سەرهەڵدانی رۆژنامەنووسی ئەلیکترونیمان کرد کە زیاتر لەناو خەڵک و چینی گەنجان بڵاوە".

'رۆژنامەنووسانی کورد خزمەتی زۆریان پێشکەش بە دۆزی کورد کردووە'

لەلای خۆیەوە، یوسف تەیب بەڕێوبەری کۆشکی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک، کە ناوبراو لە هەمان کاتدا رۆژنامەنووسێکی دێرینی شاری کەرکوکە، یوسف تەیب سەبارەت بەم یادە گووتی: "وەکو کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری کەرکوک وەکو نەریتێکی بەردەوام یادی تەواوی ئەو بۆنانەی دەکەینەوە کە پێکهاتەکانی کەرکوک یادی دەکەنەوە، ئەمرۆش یادی رۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە، بەناوی خۆم و کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک پیرۆزبایی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکارانی کوردی تەواوی کوردستان دەکەم، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازم و ئومێد دەکەم بەردەوام بن لە برەوەدان بەکاری رۆژنامەگەریی کوردی، هەڵبەتە ڕاگەیاندکارانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕۆڵی گەورە و گرنگیان بینیوە لە خزمەتی وشەی کوردی و خزمەتی مێژوو و دۆزی کورد، ئومێدەوارم بتوانن خزمەتی زیاتر بە مێژوو و دۆزی کورد پێشکەش بکەن".

'رۆژنامەگەریی وەکو دەسەڵاتی چوارەم هێزێکی کاریگەربووە'

لە کۆتایی قسەکانیدا یوسف تەیب ووتیشی: "هەڵبەتە تەواوی کاری ڕۆژنامەگەری سەر کاغەزلە تەواوی جیهان پاشەکشەیەکی زۆری بینیوە، بەڵام ڕۆڵی ڕاگەیاندکاران لەڕێگەی ڕاگەیاندنە سەردەمییەکان زیاتر بووە و توانراوە دەسەڵاتی چوارەم ڕۆڵی خۆی ببینێت و توانیویەتی لە زۆر شوێن و بۆنە و کاتدا، ئەو هێزە کاریگەرە بێت کە کاریگەری زۆری لەسەر بڕیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری هەبێت و خزمەتێکی بەرچاو پێشكەش بکات".