لە ساربروکن و لاهای و ستراسبۆرگ کۆمەڵکوژییەکەى پاریس ئیدانە کرا

لە شارەکانی ساربروکنی ئەڵمانیا و لاهای (دێنهاگ)ی هۆڵەندا و ستراسبۆرگی فەرەنسا چالاکی بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژکردنی ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریس، رێکخرا.

لە شارەکانی ساربروکنی ئەڵمانیا و لاهای (دێنهاگ)ی هۆڵەندا و ستراسبۆرگی فەرەنسا چالاکی بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژکردنی ٣ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریس، رێکخرا.

ساربروکن

 لە شاری ساربروکنی ئەڵمانیا لە بەردەم کۆنسوڵخانەى فەرەنسا کۆمەڵکوژکردنی سارا، رۆژبین و رۆناهی ئیدانە کرا. لە چالاییەکەدا شاندێک لە چالاکوانان لەگەڵ بەرپرسانی کۆنسوڵخانەکەدا کۆبوونەوە و دواتر بە وتنەوەى دروشمەکانی "سارا، رۆژبین، رۆناهی" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

لاهای (دێنهاگ)

لە شاری لاهای (دێنهاگ)ی هۆڵەندا لە بەردەم کۆنسوڵخانەى فەرەنسا چالاکییەک لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی رۆناهییەوە رێکخرا. ژنان داوای روونکردنەوەى کۆمەڵکوژییەکەیان دەکرد و تاجە گوڵینەى رەش، کە وێنەى سێ ژنە شۆڕشگێڕەکەى لەسەر بوو لە بەردەم کۆنسوڵخانەکە دانا. سوڵتان ئۆگەری چالاکوان لە چالاکییەکەدا رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە کوردە، بە ئامانجگرتنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پەکەکەیە".

ستراسبۆرگ

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لەلایەن بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکەى پاریس ستاندی ئاگادار کردنەوە دانرا. ستاندەکە لە گۆڕەپانی کلیبەر دانرا و پۆستەرەکانی سارا، رۆژبین و رۆناهی لە گۆڕەپانەکەدا هەڵواسران و سرود لێدرا. لەو چالاکییەدا بە ئەڵمانی و فەرەنسی راگەیاندراو بڵاوکرانەوە. هاوکات سەرنجەکانیشان راکێشایە سەر چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی، کە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانەکان باکووری کوردستان و تورکیا بەرێوەدەچێت.

داواشکرا، هەموو ئازادیخوازان و چالاکوانان و وڵاتپارێزان بەشداری لە چالاکییەکەى رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا لە بەردەم وێستگەى میترۆی ستراسبۆرگ دا بکەن.

ژ.ت