لە سوید و یونان و قوبرس کۆمەڵکوژییەکەى پاریس ئیدانە کرا

سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژکران، لە سوید و یونان و قوبرس یادیان کرایەوە.

 لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ساکینە جانسز (سارا) ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان لە شاری پاریسی فەرەنسا تیرۆر کران. لە سوید و یونان و قوبرس چالاکی بۆ یادکردنەوەیان رێکخرا.

ستۆکهۆلم

ئەنجوومەنی ژنانی ئامارا بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژکردنی ساکینە جانسز (سارا) ئەندامی دامەزرێنەری پەکەکە، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کەنەکە و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣  لە شاری پاریسی فەرەنسا، لە گۆڕەپانی سیرگلس تۆرگی ستۆکهۆلم چالاکییەکی رێکخست.

چالاکوانان وێنەکانی ژنە شۆڕشگێڕە تیرۆرکراوەکانیان بەرزکردەوە و داوایانکرد، بکوژەکان دادگایی بکرێن.

بۆرلانگ

لە شاری بۆلانگی سوید یادی سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد کرایەوە. چالاکییەکە لەلایەن ئەنجومەنی گەلی بۆرلانگ و دەستپێشخەریی ژنانی کورد رێکخرابوو و وێنەکانی جانسز، دۆغان و شایلەمەز بەرزکرابوونەوە. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو بڵاوکرایەوە.

لاڤیرۆ

لە شاری لاڤیرۆی یونان لە ٨هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنی شۆڕشگێڕیی کورددا، بە رێکخستنی چالاکییەک یادیان کرایەوە.

بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەى ژنانی کوردستان لە ئەوروپا لە کامپی پەنابەرانی کورد لە شاری لاڤیرۆی یونان چالاکییەکیان ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشداری چالاکییەکە بوون. چالاکییەکە دوای خولەکێک رێزگرتن بە نمایشکردنی سینەفیزیۆنێک لەبارەى ژیانی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕەوە بەردەوامیی پێدرا.

لە دوای نمایشکردنی سینەفیزیۆنەکە وتە پێشکەشکران و لە وتەکاندا رایگەیاندرا، تێکۆشانی جانسز و دۆغان و شایلەمەز ئەمڕۆ لەلایەن سەدان هەزار ژنەوە درێژەى پێدەدرێت.

یادەکە لە دوای چڕینی سرود و خوێندنەوەى شێعر و نمایشکردنی شانۆ کۆتایی پێهات.

لیماسۆڵ

لە شاری لیماسۆڵی قوبرس-یش ژنانی شۆڕشگێڕی کورد، کە لە پاریس کۆمەڵکوژکرابوون، یادیان کرایەوە. یادکرنەوەکە لە ناوەندی رۆشنبیریی کورد لە تیۆفیلۆس بەڕێوەچوو.

لە هۆڵی یادەکەدا وێنەکانی سارا، رۆژبین و رۆناهی هەڵواسرابوون و لە چالاکییەدا سیاسەتمەداری کورد لەزگین سەرحەد و هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی کورد فاتمە دۆغان وتەیان پێشکەشکرد.

لە وتەکاندا رایانگەیاند، دەوڵەتە ئەوروپییەکان بەرامبەر بە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی ئەردۆغان بێدەنگن و ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی میراتێکی گەروەی تێکۆشانی ئازادیی ژنانیان بۆ هەموو ژنانی دونیا بەجێهێشتووە و بەو میراتە لە رۆژئاوا شۆڕشی ژن خوڵقاوە.

ژ.ت