پارێزەران داوایانکرد "بە خێرایی" چاویان بە ڕێبەری گەلی کورد بکەوێت

نووسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەوەى بتوانن "بە خێرایی" بڕون بۆ ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکە لە لە ئیمرالی بکەوێت، سەردانی دادگای سزاکانی بورسایانکرد.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، پارێزەرانی نووسینگەى یاسایی سەدە بۆ ئەوەى بتوانن "بە خێرایی" چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش ئەنجام بدەن، سەردانی دادگای سزاکانی بورسایانکرد.

پارێزەران ڕایانگەیاندووە، ماوەی ٨ مانگە ناتوانن زانیاری لە ئۆجەلان و ٣ موەکیلەکەى دیکەیان وەربگرن، چونکە ئاگاداری بارودۆخی ژیانیان، تەندروستی، مەرجەکانی زیندانیکردنیان، دۆخی یاسایی و حقوقییان و ڕێوشوێنەکانی دیکەی وەک نەخۆشیی پەتا نین و ئەوەش نیگەرانی کردوون.

پارێزەران داوایان لە دادگا کرد، کە کۆتایی بە دۆخی 'نائاگاداربوون' بهێنین و ڕێگەیان پێبدەن موەکیلەکانیان ببینن.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە ئیمرالی گۆشەگیرکراوە. داوای پارێزەرەکان بۆ چاوپێکەوتن و دیدار بە شێوەیەکی میزاجی و بە شێوەیەکی رێکوپێک و سیستماتیک و بە بەردەوامی ڕەت دەکرێنەوە.

ژ.ت