پارێزەران جارێکی دیکە داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ رێبەر ئۆجالان کرد

بەمەبەستی سەردانکردنی موەکیلەکەیان لەئیمراڵی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسایان کرد.

ڕێزان ساریجا، ڕازیە ئۆزتورک، فایق ئۆگور ئەرۆل و جەنگیز یورەکلی، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، بۆ ئەوەی لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت ئەمڕۆ جارێکی دیکە داوای سەردانکردنیان ڕادەستی داواکاری گشتی کۆماری بورسا کرد.

داواکاری گشتیی کۆماریی لە بورسا بە پاساوی نووسینی “نەخشەڕێ”، کە ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزنامەکانی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، ڕایگەیاندبوو، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ماوەی شەش مانگ هەموو چاوپێکەوتن و سەردانێکی پارێزەران بۆ ئیمرالی قەدەغە دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢١ـدا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام وێڕای ڕۆژانە سەردانکردنی پارێزەران بۆ چوونە ئیمراڵی، داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی دیدار، ڕەت دەکرێتەوە.

پارێزەران دوای هەشت ساڵ ڕێگریی، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ و لە دوایین جاریشدا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیبویان چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت.

ف.ق