پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن سەردانی داواکاری گشتییان کرد

پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئەوەى بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت، سەردانی داواکاری گشتییان کرد.

نەورۆز ئویساڵ، فایەق ئۆزگیور ئەرۆڵ، جەنگیز یورەکلی و مەزڵوم دینچ پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئەوەى بتوانن سبەى بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت، سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە بورسا کرد.

پارێزەران دوای ٨ ساڵ و بۆ یەکەمجار لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩دا و دواتریش لە ٢٢ ی ئایار و ١٢ و ١٧ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩دا توانیبویان سەردانی ئۆجالان بکەن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەن.

لەو کاتەوە تاەکو مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ وەڵامی هیچ یەک لە داواکانی پارێزەران بۆ چاوپێکەن لەگەڵ ئۆجالان نەدرایەوە. دوای ئەوەش  داواکاری گشتی لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا رایگەیاند، بە پاساوی "نەخشەڕێگا" کە عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠٠٩دا بۆ بەرگرینامەکەى پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردووە، سزای ئەنجامنەدانی چاوپێکەوتن بۆ ماوەى ٦ مانگ لەگەڵ پارێزەرەکانیدا دەرکردوە  و بەو شێوەیە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی قەدەغە کردووە. هەر جارە بە پاساوێک رێگری لە چاوپێکەوتنەکان دەکرێت.

ژ.ت