'پەدەکە روفاتی ٦٧ شەهیدی فەرمانی بە بێ پشکنینی دی ئێن ئەی بەخاکسپاردووە'

نوێنەری رێکخراوی پێتریکۆر خێری ئیبراهیم: 'گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نێوان خانەسۆر و سنون لەلایەن پەدەکەوە بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵدراوەتەوە و روفاتی ٦٧ شەهید بە بێ پشکنینی دی ئێن ئەی لە نزیک شەرفەدین بەخاک سپێردراون، بەڵام کەس ناسنامەی قوربانیەکان نازانێت".

دوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ یەک لە بابەتە گرنگەکان بەلای کۆمەڵگای ئێزدیەوە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکن بووە. بەهەزاران ئێزدی لەسەر دەستی داعش کوژران و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران. لە ١٠یەمین ساڵەی کۆمەڵکوژیەکە نزیکدەبینەوە، بەڵام هێشتا ئەو برینەی ئێزدیەکان ساڕێژ نەبووە. لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا شوێنی ٩٢ گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون، بەڵام تەنیا ٥٥ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە. زانیاری شایەتحاڵەکان ئاماژە بە بوونی دەیان گۆری بەکۆمەڵی دیکە دەکات. کۆمەڵگەی ئێزدی لە دژی کەمتەرخەمی لە پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکەاندا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق نیشاندا و داوا دەکات هەنگاوی بەپەلە بنرێت.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و چەند رێکخراوی مەدەنی لە کاتی فەرمانەکەوە تائێستا لەپێناو هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و روونکردنەوە چارەنووسی بێسەروشوێن بووان، درێژە بە کار و چالاکییەکانیان دەدەن. یەک لەو رێکخراوانەش پێتریکۆرە کە ئۆفیسەکەیان لە ناو شەنگالە و بە تایبەتی لە سەر دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کار دەکات. نوێنەری ئەو رێکخراوە خێری ئیبراهیم لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال زانیاری گرنگی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورت ئاشکرا کرد، رەخنەی لە کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق گرت و هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان لە بارەی پەدەکەش سکاڵایان تۆمار کردووە و ئەو دۆسیە بەردەوامە.

'لە ٥٥ گۆری بەکۆمەڵدا ٧٠٠ روفات دەرهێندراون'

نوێنەری رێکخراوی پێتریکور خێری ئیبراهیم لەسەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە بۆیەکەم جار لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٩ لە گوندی کۆچۆ دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ و لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان کراوە و باسی لەوەکرد، "تائێستا ٩٢ گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون، کە ٥٥ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و لەو گۆڕانەدا ٧٠٠ رووفات دەرهێنراون و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون. لە کۆی ئەو رووفاتانەش تائێستا ناسنامەی ٢٠٤ کەسیان ئاشکرا کراوە و بە مەراسیم بە خاکسپێردراون.

خێری ئیبراهیم ئەوەی خستەڕوو کە یەک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە ناناسرێتەوە، کەمتەرخەمی حکومەتی عێراقە، بەڵام زۆر بنەماڵەش بە بێ ئەوەی نمونەی خوێن بدەن، روویان کردووەتە ئەوروپا، ئەوەش هۆکارە بۆ درەنگ دەستنیشان کردنی ناسنامەی رووفاتەکان.

٣٧ گۆڕی بە کۆمەڵ ١٠ ساڵە هەڵنەدراونەتەوە

خێری ئیبراهیم ئەوەی خستەڕوو کە تائێستا ٣٧ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ئێمەش داوا لە رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بە زوترین کات ئەو گۆڕانە هەڵبدەنەوە، جیا لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تائێستا هەڵنەدراونەتەوە، گۆری بە کۆمەڵی دیکەش دەدۆزرێنەوە. کاتێک رەخنە لە رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەگیرێت، دەڵێن ژمارەمان کەمە و ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سەرتاسەری عێراق زۆرە. هێشتا ئەو گۆڕە بەکۆمەڵایەن سەردەمی سەدام حسێن ماون کە کاریان تێدا بکەن".

'رەنگە لە داهاتوودا گۆڕی بە کۆمەڵی نوێ بدۆزرێتەوە'

خێری ئیبراهی باسی لەوەکرد کە بە گوێرەی زانیارییەکانی بەردەستیان کە لە شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژیەکەیان وەرگرتووە، لەوانەیە لە داهاتوودا گۆری دیکەی بەکۆمەڵ لە شەنال بدۆزرێنەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "بۆ دەستنیشان کردنی جێگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئێمە زانیاری شایەتحاڵەکان بە بنەما دەگرین. هەندێک شایەتی کۆمەڵکوژیەکانی داعش بوون. ئەو شایەتانە دەمانگەیەننە گۆڕی بە کۆمەڵی نوێ، کە تا ئێستا دەستنیشان نەکراون. لەو بڕوایەداین ژمارەیکی زۆر ئێزدی کە تائێستا چارەنووسیان دیار نییە، لە ناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان".

'ئێسکی شەهیدەکانی فەرمان ئاو دەیانبات'

نوێنەری رێکخراوی پێتریکور خێری ئیبراهیم ئاماژەی بە رۆڵ و بەرپرسیارێتی رێکخراو و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق کرد و بەم جۆرە رەخنەی لێگرتن: "رێکخراوە و دامەزراوە حکومیەکان کە بەرپرسیارن لە پاراستن و لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەرکی خۆیان بەجێناهێنن. دەبینین کە هەندێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە ئاو بردوونی، ئاژەڵان ئێسکەکان دەبەن، هەندێکیان سوتێندراون. ئەو دۆخە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر کەسوکاریان".

'پەدەکە روفاتی ٦٧ شەهید فەرمانەکەی بە شێوەی نایاسایی دەرهێناوە و ناشتوونی'

خێری ئیبراهیم دەستنیشانی کرد کە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە شێوەی هەڵە و نایاسایی هەڵدەدرێنەوە و لەو بارەوە داوای لە بنەماڵەکان کرد، سکاڵا لەسەر ئەو بابەتە تۆمار بکەن و دۆسیە بجوڵێنن. لە ساڵی ٢٠١٩ پەدەکە بە شێوەیەکی نهێنی و نایاسایی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لەنێوان خانەسۆر و سنون هەڵدابووە و ٦٧ روفاتی شەهیدانی فەرمانەکەی بردبووە هەولێر. خێری ئیبراهیم لەبارەی ئەو بابەتەش زانیاری ئاشکرا کرد و وتی، "گۆڕە بەکۆمەڵەکەی نێوان خانەسۆر و سنون بە شێوەی نایاسایی لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بە هەرێمی کوردستانەوە هەڵدرایەوە. دوای ئەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە هەڵدرایەوە و رووفاتەکان برانە هەولێر، دواتر هێنایانن و لە نزیک شەرفەدین بە مەراسیمێک بە خاکیان سپاردن. تائێستا بەڵگەنامەی شەهیدبوونی ئەو کەسانە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و مافەکەیان پێشێلکراوە. تائێستا کار لەسەر ئەو دۆسیە دەکەین. ئەو کەسانەی لە شەرفەدین بە خاکسپێردراون پێویستە گۆڕەکانیان هەڵبدرێتەوە و پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت. ئەوانە لە نزیک شەرفەدین نێژراون، بەڵام کەس نازانرێن، کامە گۆڕی کێیە! گۆڕەکان کێلیشیان نییە و گۆڕەکان لە زەویەکی تەختدان. کاتێک مرۆڤ دەچێت، نازانێت کە ئەوێ گۆری ٦٧ شەهیدی فەرمانەکەیە."

'روفاتی ٢٤ ئێزدی تائێستاش لە هەولێرە'

نوێنەری رێکخراوی پێتریکور خێری ئیبراهیم لەبارەی تاوانەکانی پەدەکە لە دژی کۆمەڵگە و یاساکان نمونەیەکی جیاوازی هێنایەوە. پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان موسڵ و هەولێردا لە ناوچەی بردیە روفاتی ٢٤ ئێزدی لە کۆمەڵگەی گوهبەل لە گۆڕی بە کۆمەڵ دەرهێنا و بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان ئەوانەی بردە هەولێر. خێری ئیبراهیم باسی لەوەشکرد، "بە گوێرەی زانیارییەکانی بەردەستمان، روفاتەکانی ٢٤ کەس لەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەرهێنران و گواسترانەوە بۆ هەولێر و تائێستاش لە هەولێرن و نەگەڕێندراونەتەوە بۆ شەنگال".

هـ . ب