پەرلەمانی ئەلمانیا کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی وەک جینۆساید ناساند

پەرلەمانی ئەڵمانیا فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ـی سەر کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند، کە چەتەکانی داعش دژى دانیشتووانى ناوچە ئێزدینشنیەکان ئەنجامیان دابوو.

دوێنێ پەرلەمانى ئەڵمانیا کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و تێیدا بە زۆرینەى دەنگ فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ـی سەر ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، کە چەتەکانی داعش دژى دانیشتووانى ناوچە ئێزدینشنیەکان ئەنجامیان دابوو، کە گروپێک لێکۆڵەری سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئایاری ٢٠٢١دا ڕایانگەیاند، کە بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگریان لەبەردەستدایە، کە چەتەکانی داعش جینۆسایدیان بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامداوە.

لەوبارەشەوە ماکس لاکس، پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا دەڵێت: ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و لە هەمانکاتیشدا دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ ئێزدییەکان ئامانجی ئەوانە.

وڵاتی ئەڵمانیا، ژمارەیەکى زۆرى ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێن و لە مانگی ١١ـی ساڵی ڕابردووەوە دادگای ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکان-ى بە جینۆساید ناساندبوو.

جێگەى ئاماژەیە، لە ڕۆژى ٣ى ئابى ٢٠١٤ چەتەکانى داعش هێرشیانکردە سەر شارۆچکەی شەنگال و دەوروبەری و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون و ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى دەستگیرکران و هەزاران کەسیش کۆمەڵکوژکران، هەروەک نزیکەی پێنج هەزار ژنی ئێزدییش لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندران و وەک کەنیزەک مامەڵەیان پێوەکرا.

تائێستا ٨٧ گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی چەتەکانی داعش لە شەنگال و دەوروبەری دەستنیشان کراون و ٤٠ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
ف.ق