پەیامی کەجەکە بۆ جەژنی قوربان

کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کەجەکە جەژنی قوربانی پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هەمووان کرد، دژی دەوڵەتی قڕکەری تورک تێکۆشانێکی ڕێکخراو و بەهێز بکەن.

جەژنی قوربان

کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کەجەکە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. کەجەکە جەژنی قوربانی لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد و دەڵێت: "بەهیواین ئەم جەژنە بۆ گەلانی موسڵمان ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی و ئارامی و یەکێتی و خوشک و برایەتی".

ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"جەژن لەنێو جڤاکی موسڵمانان وەک ڕۆژی ئاشتی و پشتیوانی و هاوبەشی پێشوازی لێ دەکرێت. هاوکات جەژن چاندی تێکۆشان دەنوێنێتەوە دژی داگیرکاری و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە و ئەو کەسانەی دان بە ماف و یاسادا نانێن. بەهیواین جەژنی قوربانی ٢٠٢٤ ئەم هەست و ڕامانانە لەنێو گەلەکەمان مەزنتر بکات.

وەک جەژنانی پێشتر، لەم جەژنەشدا گەلانی موسڵمان و گەلی کورد لەژێر هێرشێکی مەزندان. مەزنکردنی پشتیوانی گەلی کورد و لایەنە موسڵمانەکان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی قڕکەری تورک، هەروەها تێکۆشانیان دژی زیهنیەتی قڕکەر، بە سوودی گەلان دەشکێتەوە. دژی دەوڵەتی تورک کە نکۆڵی لە کوردان دەکات، هەبوونیان قەدەغە دەکات، دان بە ئیرادەیان نانێت، کورد وەک جڤاکێکی لاواز دەبینێت، هەموو جۆرە چالاکییەک ڕەوایە. ئەوەی کە ئیسلامی موحەمەد بەسەر کوردانی موسڵمان فەرزی دەکات ئەوەیە کە دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە لەلایەن زاڵمانەوە، دژی نادادییەکان و گۆشەگیری و ئەشکەنجە، تێکۆشان مەزن بکەن. لەمڕۆدا عیبادەتەکانمان بەبێ تێکۆشان دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و تاڵان و دەستبەسەراگرتن، پیرۆز نابن.

مافی هەرە سرووشتی هەموو جڤاکێک ئەوەیە، لەسەر ناسنامە و زمان و چاند و خاکی خۆیان بژین و خۆیان بەڕێوەببەن. بەڵام دەوڵەتی تورک مافە سرووشتییەکانی مرۆڤی کورد زەوت دەکات. دەستبەسەراگرتنی مافەکانی کورد، دانپیانەنانی ئیرادەی کورد، پشتکردنە لە ئیسلام.

ڕێبەری کوردان لەژێر هەلومەرجی سەختی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدایە، ئیرادەی ئەم گەلە دەستبەسەرکراوە، مافەکانیان نکۆڵی لێ دەکرێت، لەژێر زوڵمی زاڵماندا هەوڵی قڕکردنیان دەدرێت، بۆیە دەبێت کورد تێکۆشانی خۆی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکان، خاوەندارێتیکردنی لە ئیرادەی خۆی، وەک عیبادەتێک ببینێت. دەمانەوێت جارێکی تر ئەوە بەبیر بهێنینەوە کە ئەرکی موسڵمانان ئەوەیە، جەژن بکەنە بۆنەیەک بۆ تێکۆشانێکی وەها. بەم واتایە، ئەو موسڵمانانەی باوەڕیان بە هێڵی موحەممەدە، دەبێت بزانن تا دژی داگیرکاری تورک نەوەستنەوە، هیچ عیبادەتێکیان ناگاتە واتا پیرۆزەکەی. پێویستە موسڵمانانی تورک بزانن، کە تێکۆشان دژی سیاسەتی قەیوم و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە و زیهنیەتی داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپە، هێندەی عیبادەتێک خێرە. بەم بۆنەیەوە بانگەواز لە هەموو ئەو موسڵمانانە دەکەین کە دڵسۆزن بۆ بەها دیموکراتیکەکانی ئیسلام، لە ڕیزی تێکۆشانی هاوبەشدا جێ بگرن.

موسڵمانانی هێژای کوردستان، دەمانەوێت بەبیرتان بهێنینەوە، ئەم جەژنەش وەک جەژنانی تر، ئەولەویەت ببەخشن بە سەردانکردنی گۆڕستانی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی زیندانیان و نەخۆش و پیر و موحتاجەکان. ئەوانەی هاوکاری و قوربانی دەکەن، بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان بگاتە کوردستانیانی موحتاج، با هاوکارییەکانیان لەڕێگەی دامەزراوە وڵاتپارێزەکانەوە بگەیەنن.

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی کوردستان جارێکی تر بەم هەست و ڕامانەوە جەژنی موسڵمانانی کوردستان و گەلانی موسڵمان پیرۆز دەکەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین، دژی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک، لە بەرەیەکی هاوبەش و ڕێکخراو و بەهێزدا تێکۆشان بکەن".