جۆزێف کارل هاینریش ساڤاری دکتۆری بەشی بە هاناوەچوونی خێرا لە سویسرا، یەکێک لە بەشداربووانی چالاکیی 'کەشتیی ئازادی'یە و ڕایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە چارەسەرکردنی "کێشەی تورک" دا بگێڕێت.
یەکێک لەو ٤٠ چالاکوانەی "کەشتیی ئازادی"، کە لە نێوان ١٢-٨ی تشرینی دووەمدا ئەسینایى یونانی بەرەو ناپۆلیی ئیتالیا بەجێهێشت، دکتۆر جۆزێف کارل هاینریش ساڤاری لە بەشی فریاکەوتنی خێرا بوو. ساڤاری باسی لە گرنگیی ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری، پشتیوانیی گەلان و تێکۆشانی گەریلا کرد.
ساڤاری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەلی کورد دا کرد و وتی، ئەندامی کۆمیتەیەکە لە ئیتالیا، کە بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کورد دامەزراوە.
ساڤاری وتیشی: "بۆ من زۆر گرنگە، کە خەڵکی غەیرە کورد پشتگیریی خۆیان بۆ کورد دەرببڕن، بەتایبەتی داوای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بکەن".
نموونەی نیلسۆن ماندێلا
ساڤاری رایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەرە و وتی: "سەبارەت بەو کێشەیە، کە بە پرسی کورد ناودەبرێت، بەڵام لە راستیدا لە رووی جەوهەرییەوە کێشەی تورکە، کلیلی چارەسەری خودی عەبدوڵا ئۆجالانە. بۆ ئەوەش دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت".
ساڤاری ڕابەری مێژوویی ئەفریقای باشوور نیلسۆن ماندێلای بە نموونە هێنایەوە و وتی: "لە ئەفریقای باشوور چارەسەری تەنها بە ئازادیی نیلسۆن ماندێلا بەدیدەهات. ئەویش دەیگوت تاوەکو گەلەکەى ئازاد نەبێت ئەویش ئازاد نابێت. بەڕای من هەمان شت بۆ ئۆجالان-یش دەبێت".
"بڕوام بە حکومەتەکانی ئەوروپا نییە"
کاتێک پرسیارمان لێکرد، کە حکومەتە ئەوروپییەکان بە چ شێوەیەک دەتوانن فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانیان ساڤاری وتی، بڕوای بەو حکومەتانە نییە و وتی: "حکومەتی سویسرا بە حکوومەتەکانی ئەوروپاشەوە ئەوە لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینن، کە ئەردۆغان بێزار نەکەن. ئەردۆغان پەنابەران بە تایبەتی سوریەکان وەک ئامرازێکی هەڕەشە بەکاردەهێنێت".
وتیشی: "ئەردۆغان دەڵێت، "یان ئەوەتا بە گوێم بکەن و ئەوەم بۆ بکەن، یان ئەوەتا من رێگا بۆ پەنابەران دەکەمەوە و پەنابەرەکانتان تێ بەردەدەم". بەو هۆیەشەوە ساڵانە نزیکەی ٦ ملیار یۆرۆ وەردەگرێت. ئەوەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و سویسرا بەڕێوەدەچێت. ئەو دەوڵەتانە چەک دەدەنە ئەردۆغان بۆ ئەوەی سیاسەتی شەڕ لە دژی گەلی کورد بەردەوامیی پێ بدات".
ئێمە پرسیارمان کرد، کە دەبێت لە دۆخێکی وەهادا چی بکرێت بۆ ئەوەى وڵاتانی ئەوروپی هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن؟ ساڤاری لە وەڵام دا وتی: "تاوەکو گەل و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن گوشاری توندیان نەخەنەسەر، نابێت مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە بێت، کە دەوڵەتانی ئەوروپی بە سویسراشەوە کارێک بکەن، یان هەڵوێستیان بگۆڕن. بە سویسراشەوە من بڕوام بە حکومەتە ئەوروپییەکان نییە. ئەوان بەرژەوەندیی زۆریان لەگەڵ تورکیای ئەردۆغانی دا هەیە".
"پێویستە پشتگیری لە خەباتی چەکداری بکرێت"
ساڤاری هاوکات لەگەڵ باسکردن لە گرنگیی گوشاری رای گشتی، سەرنجی خستە سەر گرنگیی تێکۆشانی گەریلا و ڕایگەیاند، ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان لە تێکۆشانی گەریلا دا گرینگییەکی زۆر گەورەی هەیە.
ساڤاری لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی: "بە بڕای من دەبێت گەل گوشارەکان زیاتر بکات. لەو بڕوایەدام، کە چالاکیی سەربازیی شەڕڤانانی کورد زۆر گرنگە و نابێت لەبیر بکرێن، ئازادیی نیلسۆن ماندێلا دوای شکستی سوپای ئەفریقای باشوور پێکهات. سوپای ئەفریقای باشووریش زۆر بەهێز بوو. شکستەکەی لەناوخۆدا بووە هۆی مشتومڕی نوێ و مسۆگەر کردنی ئازادیی نیلسۆن ماندێلا. بە بڕوای من پشتیوانیکردن لەخەباتی چەکداریش زۆر گرنگە".
ژ.ت