نوسەران، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، مافناسان، سیاسەتمەداران و ئەکادیمییەکانی وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا بەشداری لە چالاکیی "کەشتیی ئازادی" دا دەکەن.
چالاکیی "کەشتیی ئازادی" لە لایەن دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" و لە چوارچێوەی کەمپەینی نێونەتەوەیی بە دروشمی 'کاتیەتی، ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان' رێکخراوە.
چالاکوانانی بەشداربوو لە چالاکییەکەدا ئەمڕۆ دووشەممە چەند کۆبوونەوەیەک لە یۆنان ئەنجام دەدەن. بەپێی لیستی سەردانەکەیان سەردانی هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵی سیریزا، یەکێتی گەلی (LAE)، شەپۆلی چەپی نوێ (NAR) و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی (DIKTIO) دەکەن.
"کەشتیی ئازادی" سبەی ٩ی تشرینی دووەم لە ئەسینای پایتەختی یونانەوە بەڕێدەکەوێت. لە ١٢ی تشرینی دووەم دا دەگاتە ئیتالیا. لە کاتی گەشتەکەدا گفتوگۆ لەسەر پارادایم و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان دەکرێت. چالاکوانان دەیانەوێت بیر و رامانەکانی ئۆجالان بگەیەننە هەموو کەس و هەموو شوێنێک.
"کەشتی ئازادی" لە ١٢ی تشرینی دووەم لە بەندەری ناپۆلی ئیتالیا پێشوازییەکی گەورەی جەماوەریی لێدەکرێت. پێشوازییەکە بە چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیری کۆتایی پێدێت.
ژ.ت