وتەبێژی دەم پارتی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ناردنی پشکنەران بۆ مێردین و ئامەد

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر لێدوانی وەزیری ناوخۆی تورک دەربارەی شارەوانییەکانی ئامەد و مێردین و گوتی: "پێشنیار دەکەین سامانی گشتی بۆ هەوڵی پووچ و بێهودە خەرج نەکەن".

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان تۆمەتەکانی دەربارەی شارەوانی ئامەد و مێردین بەدرۆخستەوە و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر وەزیری ناوخۆ عەلی یەرلیکایا کە پشکنەری ناردۆتە شارەوانییەکان.

ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی نوسینەکەی عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند سامانی گشتی بۆ تۆمەتی بێ بنەما خەرجکراوە، گوتی: "پێشنیار دەکەین سامانی گشتی بۆ هەوڵی بێهودە خەرج نەکەن. ئایا نیگەرانن لەوەی دەربارەی گەندەڵی و قەرزەکانی قەیومەکان لێکۆڵینەوە بکەین؟".