ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس لە هەڵکشاندایە

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباسی ئێران گەیشتە ٢٥ کەس و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.

تەقینەوەکە دوێنێ، ڕۆژی شەممە لە ئەسکەلەی بەندەر عەباس ڕوویدا کە دەروازەیەکی کاریگەری بازرگانی ئێرانە و  لەسەدا ٨٥ی کاڵاکانی ئێران لەوێ تێدەپەڕن.

تەقینەوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە دەنگی بەهێزی تەقینەوەکە بیستراوە.

ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت بە پشتبەستن بە وتنەکانی موجتەبا قەهرەمانی، سەرۆکی دادوەری پارێزگای هورمزگان ڕایانگەیاند: "لانیکەم ٢٥ کەس ژیانیان لەدەستداوە." هاوکات تەلەفزیۆنی دەوڵەت ڕایگەیاندووە کە ١٠٠٠ کەس بریندارن.

هەتا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە. ئەم بەندەرە ستراتیجە دەکەوێتە نزیک بەندەر عەباس، کە شارێکی گەورەی کەناراوییە لەسەر گەرووی هورمز کە بەشێکی زۆری نەوتی بەرهەمهاتووی جیهان لەوێدا تێدەپەڕێت.

لەلایەن سەرۆککوماری ئێرانەوە فەرمانی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە هۆکاری ئەم کارەساتە دەرکراوە.

بەگوێڕەی ڕاپۆرتێکی گومرگ کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتدا پەخش کراوەتەوە، گومان دەکرێت تەقینەوەکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی ماددە کیمیاییەکاندا ڕوویدا بێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نادیار و نزیک لە سوپای پاسداران، تەقینەوەکە بەهۆی سۆدیۆم پرکلۆراتەوە بووە، کە لە پێکهاتەی سووتەمەنی موشەکدا بەکاردێت.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ناوچەکە، حکومەت فەرمانی داخستنی شوێنە ئیداریی و قوتابخانەکانی شاری بەندەر عەباس کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٦٥٠هەزار کەسە داوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی داوای له هاوڵاتیان کردووە هەتا ئاگادار دەکرێنەوە له ماڵەکانیان بمێننەوه و له کاتی چوونە دەرەوەیان دەمامک به کاربهێنن.