ئەمریکا، تورکیاى خستە ریزى ئەو وڵاتانەى کە منداڵان چەکدار دەکەن
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راپۆرتى ساڵانەى خۆى سەبارەت بە چەکدارکردنی منداڵان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بڵاوکردەوە و تێیدا تورکیاى خستە ریزى ئەو وڵاتانەى کە منداڵان چەکدار دەکەن.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راپۆرتى ساڵانەى خۆى سەبارەت بە چەکدارکردنی منداڵان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بڵاوکردەوە و تێیدا تورکیاى خستە ریزى ئەو وڵاتانەى کە منداڵان چەکدار دەکەن.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، نوێترین راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەسەر ئاستى جیهان، بەتایبەتیش بازرگانیکردن و بەکارهێنانى منداڵان و کردنیان بە سەرباز، بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە، کە تیشک دەخاتە سەر ١ – ٤ – ٢٠٢٠،تاوەکو ٣١ – ٣- ٢٠٢١، چەند وڵاتێکى لەسەر ئاستى جیهاندا دەستنیشانکردووە بەوەى منداڵ لەناو دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکانیاندا چەکدار دەکرێن و دەکرێن بە سەرباز، یاخود لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتانە پاڵپشتیان لێدەکەن، منداڵان بەکاردەهێندرێن لە ململانییەکاندا.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە، ئەو وڵاتانەى کە منداڵان بەکاردەهێنن، بریتین لە عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئەفغانستان، بۆرما، کۆمارى کۆنگۆى دیموکرات، لیبیا، مالى، نایجیریا، پاکستان، سۆمالیا، سوودانى باشوور، ڤێنزوێلا و یەمەن.
لە بەشێکى دیکى راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو وڵاتانەشى کە تیایاندا بە شێوازی جۆراوجۆر بازرگانى بە مرۆڤەوە دەکرێت، بریتین لە، ئێران، سووریا، ئەفغانستان، بۆرما، چین، کوبا، ئێریتریا، کۆریاى باکوور، رووسیا، سوودانى باشوور و تورکمانستان.
هاوکات، راپۆرتەکە هۆکارى دانانى تورکیاى لە لیستى ئەو وڵاتانەندا بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە تورکیا ماوەیەکى زۆرە پشتیوانى گروپى چەکدارى سوڵتان موراد دەکات كە بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنى سوریا، بەپێى راپۆرتەکانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکاش، ئەو گروپە منداڵان چەکدار دەکات و لە شەڕەکاندا بەکاریان دەهێنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەم هەنگاوە یەکەمین جارە کە ئەمەریکا یەکێک لە هاوپەیمانەکانى لە پەیمانى ناتۆ بخاتە لیستى ئەو وڵاتانەى کە تێوەگلاون لە چەکدارکردنى منداڵان و بەکارهێنانیان لە ململانێ سەربازییەکاندا.
ف.ق