یەرەکە دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر پێنجوێن ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی یەرەکە دەربارەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمی پێنجوێن لە باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دووپاتی دەکاتەوە ئامانج لەم هێرشانە داگیرکردنی باشووری کوردستانە.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر پێنجوێن ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

یەرەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە، هاوشان لەگەڵ ئەو شەڕەی لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، جووڵەی چاودێری و بۆردوومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورک لە هەرێمەکەمان زیادی کردووە. هاوشان لەگەڵ ئەو شەڕە سەختەی لە هەرێمەکانی بادینان دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی پێشوو، هەرێمەکانمان دەکرێنە ئامانجی هێرشی ئاسمانی هەمەجۆر. ڕۆژانە چەندین فڕۆکەی چاودێری لە هەرێمەکانمان دەفڕن و ماوەیەکی زۆرە ئەم جمووجوڵە چاودێرییانە هاوشان لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن. دوژمن بەشێوەیەکی دڕندانە ژینگە و باغ و بێستانی گوندەکانی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج و زیانی مەزن بە بەرهەم و ژیانی گەلەکەمان دەگەیەنێت.

لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژی 3 ی تەمموزی ٢٠٢٤، سوپای تورک بە فڕۆکەی جەنگی گوندەکانی پێنجوێنی بۆردوومان کرد. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٤ ی تەمموزی ٢٠٢٤ پاش گەڕان و چاودێرییەکی چەند ڕۆژە. لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگییەوە لە کاتژمێر ١٨:١٢ سێ جار هەرێمەکانی نزیک گوندی نزارە سەر بە پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کران.

بێگومان ئەم هێرشانە بەشێکن لە هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی ئێمە دژی گەلەکەمان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان. ئەمە هێرشێکی داگیرکاریی مێژووییە کە ئامانجی لەناوبردنی گەل و دەستکەوتەکانی گەلە. دوژمن دەبێت بزانێت کە ئێمە بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدان دەکەین و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەپارێزین، ئیرادەمان لەم ڕووەوە تۆکمە و لەشکان‌نەهاتووە. پێویستە گەلەکەمان لە هەموو کاتێک وریاتر نزیک ببێتەوە و بەرامبەر هێرشە داگیرکارییە مەترسیدارەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی هەبێت. پێویستە بزانین کە ئەو جوڵە و هێرشانە، جووڵە و هێرشی ئاسایی نین و لە ئاستێکی باڵاتردان و بە هاوکاری و پشتیوانی خائینانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بە ئامانجی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد ئەنجام دەدرێن. بۆیە پێویستە هۆشیاری و هەڵوێستی گەلەکەشمان لەم ئاستە باڵایەدا بێت. لە ڕۆژانی ئایندە وردەکاری زیاتر دەربارەی ئەم هێرشانە بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە".