ئەو هاوڵاتییە کوردەى لەلایەن سەربازانی تورکەوە لە کۆپتەر هەڵدرایە خوارەوە دەستگیرکرا

عوسمان شیبان لە ناوچەى شاخ لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەلایەن سەربازانی تورکەوە لە کۆپتەر هەڵدرایەوە خوارەوە و دوای رزگاربوونی لەو رووداوە، هێزە ئەمنییەکان لە مێرسین هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەى و دەستگیریان کرد.

لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا لە نێوان ناوچەى شاخ لە پارێزگای وان و ناوچەى ئەلکێ لە پارێزگای شرنەخ عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت لەلایەن سەربازانی دەوڵەتی تورک، کە لە ئۆپراسیۆندا بوون، دەستگیرکران و ئەشکەنجەیان کردن و بە زۆر خستنیانە ناو کۆپتەر و دوای ئەوەی لە ناو کۆپتەرەکەدا بە قورسی ئەشکەنجەیان کردن لە ئاسمانەوە هەڵیاندانە خوارەوە. دوای ماوەیەک لەو رووداوە سەروەت تورگوت گیانی لە دەستدا و عوسمان شیبیان سەرباری ئەوەى دۆخی تەندروستیی باش نییە، ژیانی رزگارکراوە. بەڵام سەرباری ئەوەش ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە مێرسین هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەى و دەستگیریان کرد.

لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەى داواکاری گشتیی کۆماری لە وان، پۆلیس ئەم بەیانییە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عوسمان شیبان لە گەڕەکی گیونەش لە ناوچەى ئاکدەنیزی پارێزگای مێرسین. دوای هەڵکوتانەکەیان عوسمان شیبانیان دەستگیرکرد و بە ئامبولانس بۆ پشکنینی دۆخی تەندروستیی رەوانەى نەخۆشخانەى حکومیی تۆرۆس لار-یان کرد.

لە نەخۆشخانەش بۆ پشکنینی دۆخی تەندروستیی عوسمان شیبان، ماوەیەکی زۆر ئەو هاووڵاتییە راگیرا تاوەکو لیژنەى پزیشکی کۆبوونەوە. ئەوە لە کاتێکدایە عوسمان شیبان دوای چەند رۆژ لەوەی لەلایەن سەربازانی تورکەوە لە کۆپتەر هەڵدرایە خوارەوە لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریی پزیشک دا چارەسەریی بۆ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە عوسمان شیبان لە دوای پشکینینی تەندروستی، بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە ببرێت بۆ شاری وان.

عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا لەلایەن سەربازانی سوپای کۆماری تورکیاوە ئەشکەنجەکران و لە کۆپتەرەوە هەڵدرانە خوارەوە. سەروەت تورگوت چەند رۆژی دوای ئەو رووداوە لە بەشی چاودێریی وردی نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا. شیبانیش کە زۆر بە قورسی بریندار بوو بوو، دوای ماوەیەک  لە بەشی چاودێریی وردی نەخۆشخانەوە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە برایەوە بۆ ماڵی خۆیان لە مێرسین و لەو کاتەوە لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت.

ژ.ت