ئیهادە: ٩٦٪ میدیای چالاکی تورکیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدایە

لقی ئەستەنبوڵی ئیهادە لەبارەی رۆژی رۆژنامەنووسە چالاکەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، لە تورکیا ٩٦٪ میدیای چالاک لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدایە.

لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی رۆژی رۆژنامەنووسە چالاکەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، تورکیا لەناو ١٨٠ وەڵات لە رووی ئازادی راگەیاندندا لە ریزی ١٥٤میندایە  و نزیکەی ٦٧ رۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە لە زینداندان.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، بەپێی ئاماری ساڵی رابردوی وەزارەتی خانەوادە و خزمەتی کۆمەڵایەتی، ٨٦ هەزار و ٥٠٥ کەس کاری راگەیاندن لە تورکیا دەکەن، بەڵام ٧.٨٧٪ لەو کەسانە ئەندامی سەندیکاکانن.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەشکرا، ٩٦٪ی چاپەمەنی چالاک و ئۆرگانی میدیا لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدایە و دوای ئەوەی یاساکان گۆڕان، فشاری سەر میدیاکان زیادی کردوە.

ئیهادە لەم چوارچێوەیەدا موسا ئانتەر، فەرهاد تەپە، ئوغور مومجو، مەتین گۆکتەپە، هەرانت دینک و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی بەبیرهێنایەوە کە شەهیدکراون.

ف.ق