زانیاری لەسەر خوێندکارە دەستگیرکراوەکانی چالاکیی 'دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت' نییە

زانیاری لە خوێندکارێک بەناوی سورەیا بەی نییە، کە لە کاتی چالاکی لە گەڕەکی ١٠٠ یل لە ئەنقەرە دەستگیرکرابوو. چالاکییەکە لە دژی بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانیی بووە و ئەو خوێندکارە بە توندوتیژی و لێدان دەستگیرکرابو.

لە دژی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون. لە کاتی یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا لە گەڕەکی ١٠٠ یلی ئەنقەرە خوێندکارێک بە ناوی سورەیا بەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بە توندوتیژی و لێدان دەستگیرکرا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو خوێندکارە نییە.

لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ (چەهەدە / ÇHD) لە بارەی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی خوێندکار سورەیا بەی لە ئەژماری تویتەرەکەیاندا بڵاویانکردووەتەوە، "ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر موەکیلەکەمان سورەیا بەی نییە، کە لە چالاکیی ناڕەزایەتیدا لە گەڕەکی ١٠٠ یلی ئەنقەرە بە لێدان و توندوتیژی دەستگیرکرابوو. پۆلیس دەڵێت، هیچ دەستگیرکردنێک رووی نەداوە. ئەوانەى دەستگیرکراوان دەبێت بە خێرایی و دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

ژ.ت