ژمارەی شەهید و بێسەروشوێنانی فەرمانی سەر ئێزدییەکان ڕاگەیاندرا

نوسینگەی ڕزگاربووانی دیلەکانی ئێزدیی لە باشووری کوردستان ژمارەی شەهید و بێسەروشوێنانی ساڵی ٢٠١٤ی ئاشکرا کرد.

فەرمانی شەنگال

بە گوێرەی نوسینگەی ڕزگاربووانی دیلەکانی ئێزدیی لە باشووری کوردستان ژمارەی شەهید و بێسەروشوێنانیی ئێزدیەکانی ساڵی ٢٠١٤ ئاشکرا کرا، ئەم زانیارییانە بە شێوەی نافەرمی ئاشکرا کران. تەنها ئەم ژمارە و ئامارانەی خوارەوە دیاری کراوە و ئاشکرا کراوە.

تاوەکو ئێستا زیاتر ڕێژەی ٥ هەزار شەهید بە دیاریکردنەوە تۆمارکراوە.

لە ئەنجامی فەرمانەکە ٢٧٤٥ منداڵ هەتیوو کەوتوون.

ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە دۆزراونەتەوە، زیاترە لە ٩٦ گۆڕ، دەیان گۆڕی تاکەکەسیش هەیە.

ژمارەی ئەو کەسانەی ڕفێندراون و کەوتونەتە دەستی داعش ٦ هەزار و ٤١٧ کەسن، لەوانەش ٣ هەزار و ٤٤٨ ژن، ٢ هەزار و ٨٦٩ پیاوە.

ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون بە گشتیی ژمارەیان ٣ هەزار و ٥٨٥ کەسە، لە وانیش هەزار و ٢١١ ژن، ٣٣٩ پیاو، هەزار و ٤٧ منداڵی کچ، ٩٦١ منداڵی کوڕە.

ژمارەی ئەو دیلانەی بە دەستی داعش شەهید کران و تەرمی ئەوان لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان بینراوەتەوە و دەستنیشانکراوە دواتر ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە؛ ٢٧٤ شەهید، لەوانیش ٣٧ ژن و ٢٣٧ پیاوە.

ژمارەی ئەوانەی کە دیاریکراوە و شەهید بوونیان یەکلای کراوەتەوە و چارەنووسیان نادیارە، لە ئێستادا لە پزیشکی دادی بەغداد ڕاگیراون، ٢ هەزار و ٥٥٨ کەسە، لەوانیش ٢٢٥ ژن، هەزار و ٣٣٣ پیاوە.

شایەنی ئاماژەی پێکردنە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسی کۆمەڵگەی ئێزدی لە نێو کەمپەکانی باشووری کوردستاندا دەژین و ڕێگە نادرێت بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان.