زەحمەتکێش و خزمەتکاری گەلی کورد شێخ موسا بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان کۆچی دوایی کرد

شێخ موسا بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان، کە بە رەنجدانی ٢٧ ساڵەی لە تێکۆشاندا دەناسرا، دوێنێ لە شاری بۆنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

شێخ موسای خەڵکی عەفرین یەکێک لە دامەزرێنەرانی مانگی سووری کوردستان لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لە دەستدا.

شێخ موسا تەمەن ٦٧ ساڵ مانگێک لەوە پێش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و بەو هۆیەوە رەوانەى نەخۆشخانە کرابوو. لە چەند رۆژی رابردودا باری تەندروستیی خراپ بوو و دوێنێ ژیانی لە دەستدا.

شێخ موسا لە ناو گەلی کورددا بە تایبەتی خەڵکی باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا کەسێکی دیار و ناسراو بوو. کەسێکی زەحمەتکێش بوو و ٢٧ ساڵ بە رەنجدان و کاری بەردەوام بەڕێوەبەری مانگی سووری کوردستان بوو.

شێخ موسا پێشەنگایەتیی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کەمپەینەکانی هاوکاری بۆ رۆژئاوا و باشووری کوردستان کردووە.

لە هەر شوێنێکی کوردستاندا کارەساتێکی سروشتی، یان بەهۆی گوشار و زۆرداریی داگیرکەرانەوە لە شارێکی کوردستان دۆخێکی نەخوازراو و تەنگانە رووی بدایە، مانگی سووری کوردستان بە پێشەنگایەتیی شێخ موسا دەستی هاوکاریی دەگەیاندە ئەو ناوچانە.

لەو چوارچێوەیەشدا چەندینجار سەردانی رۆژئاوای کوردستان، قامیشلۆ، ناوچەى شەهبا وناوچەکانی قەندیل لە باشووری کوردستان کرد و هاوکاریی گەیاندە خەڵکی ئەو ناوچانە، کە بەهۆی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکەوە زیانیان پێگەیشتبوو.

 هەروەها مانگی سووری کوردستان هاوکاریی گەیاندە خەڵکی بومەلەرزە لێدراوی کرماشان و سەرپێڵ و ئەزگڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا.

شێخ موسا بە رەنجی بێ وێنەى خۆی بەبێ راوەستان، بە کارە خێرخوازییەکانی دەناسرایەوە.

ژ.ت