تا ئێستا لە سەرتاسەری جیهان میلیۆنێک و ٧٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠٠ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. تەنها لە ئەمریکا ٥٠٣ هەزار کەس تووش بوون و لە ئیتاڵیاش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٩ هەزار کەس.
ساراح گیلبەرد پرۆفیسۆری بواری دۆزینەوەی ڤاکسین لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاندووە، پێدەچێت لە مانگی ئەیلولدا ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە ببێت.
بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی دەوڵەتی تورک بڵاوی کردووەنەتەوە تا ئێستا ٤٧ هەزار ٢٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ١٠٠٦ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بە پێی راگەیێندراوی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ژمارەی قوربانیان زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی دەوڵەت رایدەگەیێنێت.
دەولەتی تورک لە ناکاو بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیدا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانە و خۆراکیان، بە کۆمەڵ بڕژێتە سەر شەقام و ناو دوکان و مارکێتەکان. پسپور و چاودێران جەختیان کردەوە کە ئەم بڕیارە لەناکاوەی حکومەت دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان.
ژمارەی قوربانیان لە کوردستان کەمە
سەمرا گوزەل ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری ئامەد رایگەیاند، لە ئامەد، وان و مێردین چەندین کەس بە گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، خراونەتە ناو کەرەنتینەوە، بەڵام پشکنینیان بۆ ناکرێت.
لە کۆمەڵگای پزیشکی زانکۆی دیجلە ژنێکی تەمەن ٨٥ ساڵان بە هۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە چارەسەری بۆ دەکرا. ئەو ژنە و دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا. لە ئامەد بە گشتی ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە گوندی توزجولاری ناوچەی بەرواری سێرتیش کەسێک بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستدا.
لە بەندیخانەکان رۆژ بە رۆژ مەترسیەکان لە زیادبووندایە
لە گرتووخانەی ژنانی شاکران دوو پزیشک تووشی ڤایرۆسەکە بوون. زیندانیان بە پارەش دەرفەتی ئەوەیان نیە کە دەستکێش و دەمامکیان دەستکەوێت. زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەی پیتی (T) لە دەنیزلیش رایگەیاند، قاوشەکانیان کە جێگای ٦ کەسی تێدا دەبێتەوە، ١٧ کەسیان زیندانی تێدا دەمێننەوە و بە ٢-٣ کەس لەسەر یەک جێگا دەخەون.
ئاماری وڵاتان
لە ئەمریکا ٥٠٣ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراون و ١٩ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢ هەزار ١٠٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە وڵاتی ئیتاڵیا ژمارەی تووشبووان ١٤٧ کەسی تێپەڕاندووە و ١٩ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ١٠٠ هەزار کەسیش لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
لە فەرەنساش ١٢٤ هەزار حاڵەت تۆمار کراون و ١٣ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٨٦ هەزار کەسی لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و ٢٥ هەزار کەسیش چاک بوونەتەوە.
لە وڵاتی ئەلمانیاش ١٢٢ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢٧٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٥٤ هەزرا کەسیش چاک بوونەتەوە.
لە وڵاتی ئێرانیش ژمارەی تووشبووان ٧٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ٤٣٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ٢٤ هەزار کەسیش لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان و چارسەریان بۆ دەکرێت.
ز.ش