ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ داواى ئازادکردنی گولسەر یڵدرم دەکات
ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (IGFM) بۆ ئازادکردنی گولسەر یڵدرم سیاسەتمەداری کورد نامەیەکى بۆ ئەردۆغان نارد.
ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (IGFM) بۆ ئازادکردنی گولسەر یڵدرم سیاسەتمەداری کورد نامەیەکى بۆ ئەردۆغان نارد.
ئەنجوومەنى نێونەتەوەیى مافەکانى مرۆڤ، کە یەکێکە لە رێکخراوە ناسراوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئازادیی گولسەر یڵدرم پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە مێردین دەستی بە جموجوڵ کرد. ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانى مرۆڤ بە بۆنەى ١٠ی ئایار رۆژی جیهانیی دایک ناوی ٥ ژنی ئازای زیندانیکراوی بڵاوکردەوە و یەکێک لەناوەکانیش ناوی گولسەر یڵدرم بوو.
لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ نامەیەکى بۆ ئازادکردنی گوڵسەر یڵدرم بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نارد. نامەکە بەشێوەى فەرمی مۆر و واژۆی ڤاسیلیس پاڤیگۆس سەرۆکی ئەنجوومەنەکەى پێوەیە.
گولسەر یڵدرم لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بە تۆمەتى 'ئەندامبوون لە رێکخستندا' دەستگیرکرا و سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
بانگەواز بۆ 'گەڕانەوە بۆ دیموکراسی'
لە نامەکەى ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانى مرۆڤدا باس لە ژیان و تێکۆشانی گولسەر یڵدرم کراوە و تیایدا داوا کراوە "دەمانەوێت بەهۆی هەلومەرجی زیندانەوە و بە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گولسەر یڵدرم دایکی ٤ منداڵ ئازاد بکرێت".
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یڵدرم لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٥ دا لە مێردین پەرلەمانتار بووە، بۆیە داوایان لە ئەردۆغان کردووە، کە 'لە وڵاتەکەتدا سەرلەنوێ بگەڕێرەوە بۆ دیموکراسی'.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تورکیا خۆی بە دیموکراسی بگەیەنێت دەبێتە هاوبەشێکى بەهێزی ئەوروپا و لەوبارەیەوە نووسیویانە "ئازادکردنی گولسەر یڵدرم و زیندانیانی تری سیاسی دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەو پرۆسەیە".
ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (IGFM) بارەگای ناوەندیی لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و لە ساڵی ١٩٧٢ەوە دامەزراوە و وەک رێکخراوێکى کۆمەڵی شارستانیی نێودەوڵەتى کار دەکات. ئەو ئەنجومەنە لە ٢٦ وڵاتدا لقی هەیە و لەسەرتاسەری جیهانیشدا ٣٥ هەزار ئەندامی هەیە.
ژ.ت