بەرەی ئەنتی فاشیست: با ئەردۆغان شەرمەزار بکەین

بەرەی ئەنتی فاشیست بانگەوازی ئەوەی کرد، ئەردۆگان کە ئەمڕۆ سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکات، شەرمەزار بکرێت.

بە دەستپێشخەری ئەڵمانیا و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی لیبیا و بە بەشداری ئەمریکا، ڕووسیا، چین، تورکیا، بەریتانیا، فەڕەنسا میسر، ئەمڕۆ لە بەرلین کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت.

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بانگهێشتی تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە کە بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا بکات. بانگهێشتکردنی ئەردۆغان ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە. بەو هۆیەوە لە بەرامبەر پەرلەمانی فیدڕال خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت و ئەردۆغان شەرمەزار دەکرێت.

بە دەستپێشخەری #RiseUp4Rojava (بۆ ڕۆژئاوا هەستنە سەرپێ) ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ چالاکیەکان دەستپێدەکەن. بەرەی ئەنتی فاشیست بۆ خۆپیشاندانەکان بانگەوازێکی بلاوکردەوە. بەرەی ئەنتی فاشیست و ژمارەیەک گروپی ئەڵمانیاش داوایان کردبوو لەدژی ئەردۆغان چالاکی شەرمەزارکردن ئەنجامبدرێت.

'ئەردۆغان لەسەر ڕێچکەی هیتلەرە'

بەرەی ئەنتی فاشیست ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بانگهێشتکراوە و وتی، "ئەردۆگان لەسەر ڕێچکەی هیتلەرە".

بەرەی ئەنتی فاشیست ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان فشار لەسەر ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان دەکات، هەموو مافێکی پێشێلکردووە، لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورک و چەتەکانی تاوانیان ئەنجامداوە و وتی، "کاتێک سەرنجی ئەو هەموو شتە دەدەین، حەقی ئەوەمان هەیە ئەردۆغان شەرمەزار بکرێت."

ف.ق