عەدنان زەرفی داوای لێبوردنی لە گەلی عێڕاق کرد
عەدنان زەرفی ڕاسپێردراو لە لایەن سەرۆک کۆماری عیڕاقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیڕاق، داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و ئەرکەکەی بەجێهێشت.
عەدنان زەرفی ڕاسپێردراو لە لایەن سەرۆک کۆماری عیڕاقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیڕاق، داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و ئەرکەکەی بەجێهێشت.
لە پاش ئەکتۆبەری ساڵی ڕابردوو عیڕاق بە دۆخێکی جیاوازدا دەرباز بوو، ئەمەش وایکرد کلیلی چارەسەر و یەکخستنەوەی لایەنەکان بەدەست سەرۆک وەزیرانەوە بێت، زۆرکەس راسپێردران بۆ ئەو ئەرکە، بەڵام هەندێک جار لەلایەن خەڵکەوە و هەندێک جاریش لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەتکراوەتەوە.
عەدنان زەرفی یەكێک بوو لەو کەسانەی لە دوای محەمەد تۆفیق عەلاوی ئەو دەرفەتەی پێ بەخشرا کە کابینەی نوێی حکومەتی عێڕاق پیک بێنیت، بەڵام سەرکەوتو نەبوو و ئەمڕۆ داوای لێبوردنی لە گەلی عیڕاق کرد و ئەو ئەرکەی بۆ کەسێکی دیکە بەجێهێشت.
زەرفی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا تەواو نەکردنی کارەکەی بۆ ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیەکان گەڕاندووەتەوە و هەروەها کاریگەریی دەستی دەرەکی لە ناوخۆی وڵاتەکەی، بۆیە سەرەتا داوای لێبوردنی لە هەژاران و گەنجانی وڵاتەی کرد کە متمانەیان پێیدابو لەم ڕەوشە ڕزگاریان بکات بەو هۆیەی کە نەیتوانیوە ببێتە وەڵامدەرەوە بۆیان.
زەرفی ئاماژەی ئەوەشکرد، لەگەڵ گەلەکەی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی حکومەتی عێڕاق بۆ بەرەو پێشچونی دۆخەکە و ڕزگارکردنی عێڕاق لەم قەیرانانە. هەروەها هیوای سەرکەوتنی خواست بۆ ئەو کەسەی لە دوای خۆی ئەرکدار دەکرێت.
بەپێی دەستوری عێڕاق پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵەح کەسێکی دیکە بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشان بکات و لە ئێستاشدا لە نێو لایەنە سیاسیەکان دەنگۆی هەڵبژاردنی مستەفا کازمی لە ئارادایە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی تاکو ئێستا ڕانەگەیەندراوە.
ژ.ت