هەدەپە: دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هێرش دەکاتە سەر بەهای کۆمەڵگا

هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە کە هێرشی کردە سەر تەرمی ئیبراهیم گۆکچەک و ماڵی جەم لەدژی مرۆڤایەتی تاوانی ئەنجامدا و لە لایەکی تر لە ڕێگەی پۆستەخانەکانەوە تەرم دەنیرێت و هێرش دەکاتە سەر گۆڕستانەکان.

کۆمسیۆنی گەلان و ئایینەکانی هەدەپە لەبارەی هێرشی سەر تەرمی ئیبراهیم گۆکچەک و ماڵی جەم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

هەدەپە وتی،"پێویستە داوای لێبۆردن لە عەلەوی و جیهانی عەلەویەکان بکرێت."

کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند، ئاکەپە لە مانگی ڕەمەزاندا هێرش دەکاتە سەر بەهای کۆمەڵگا، هێرش دەکاتە سەر ناوەندە ئایینیەکان کە بەهای هاوبەشی گەلان و ئایینەکانی تێدا دەپارێزرێت و لەدژی مەراسیمی تەرمیش کە نرخی مەعنەوی مرۆڤایەتین بێڕێزی دەکات.

هەدەپە هەروەها ناردنی تەرمی عەگید ئیپەک لە ڕێگەی پۆستەخانەوە و هێرشی سەر گۆڕستانەکانی گەریلای لە کوردستان وەبیرهێنایەوە و وتی، "دەسەڵات هێرش دەکاتە سەر هەموو بەهاکان و بێڕێزی بەرانبەر بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکات. دەسەڵات ناتوانێت بەم عەقلیەتە بەهای ئیسلام لەسەر زمانی خۆی بهێڵێتەوە و پێویستە یەک قسەش بە ناوی ئیسلامەوە نەکات."

کۆمسیۆنی گەلان و ئایینەکان هەدەپە هێرشی سەر مالی جەم و گازی شەرمەزار کرد و وتی، پێویستە بەهۆی ئەم بێڕێزیە داوای لێبۆردن بکرێت و ئەو کەسانەی هێرشیان ئەنجامداوە و فەرمانی هێرشیانداوە داوای لێبۆردن بکەن.

ف.ق