١٧ ساڵ بەسەر ڕوخانی بەعس دا تێپەڕی و خوێنڕشتنیش رانەوەستا
١٧ ساڵ پێش ئێستا دەسەڵاتی سەدام حسێنی دیکتاتۆر و خوێنڕیژ لەلایەن هاوپەیمانانەوە روخێنرا، بەڵام لە عێراق خوێن ڕشتن هەر نەوەستا.
١٧ ساڵ پێش ئێستا دەسەڵاتی سەدام حسێنی دیکتاتۆر و خوێنڕیژ لەلایەن هاوپەیمانانەوە روخێنرا، بەڵام لە عێراق خوێن ڕشتن هەر نەوەستا.
١٧ ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دا، واتە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتپی ئەمریکا لە گۆڕەپانی فیردۆسی بەغدادی پاییتەخی عێراق پەیکەری سەدام حسێن سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراقیان وەک ڕەمزێک بۆ تێکشاندنی دەسەڵاتەکەی ڕوخاند.
لە ١٦ تەموزی ١٩٧٩ تا ٩ نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ عێراق لەژێر دەستی دەسەڵاتی داپلۆسێنەر و تێروریست و دیکتاتۆریی سەدام حسێن دا بوو. ئەو دەسەڵاتە شۆڤێنیە مەترسیدارە، هاوشێوەی ئێستای دەسەڵاتی تورکیا ببوە دەوڵەتێکی سەرەڕۆ و فاشست لە ناوخۆی وڵاتدا و گەلانی عێراقی دەچەوساندەوە و کەمەڵکوژیی دژی گەلی کورد و شیعەکان ئەنجام دەدا و لە دەرەوەش هەمیشە یاری بەهەستی عروبە دەکرد و لەخەونی هەڵگیرسانی شەڕی گەورەدا بوو...
سەدام حسێن بەجۆرێکی شاراوە دەستی تێکەڵکردبوو لەگەڵ گروپە تێروریستیەکەی قاعیدە. شەڕێکی درێژخایەنی لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ بە درێژای ٨ ساڵ دەستپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو بەمەش زیاتر لە ملیونێک هاوڵاتی و سەرباز لەو شەڕەدا لە هەر دوولا بوونە قوربانی، بەڵام سەدام هیچ وانەیەکی لەو شەڕ و کوشتارە وەرنەگرت، چونکە هەمیشە وەک پڵنگێکی بریندار لەخەونی پەلاماردانی وڵاتانی تردا بوو، ئەوەبوو لە سالی ١٩٩١ پەلەماری وڵاتی کوێتی داو تەواوی ئەو وڵاتەی خاپوور کرد. ئەم پەلامارە بوو بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی کەنداو، کە سوپای عێراق تیایدا شکستی هێنا، ئەم سەرکێشییەی سەدام بوو بەهۆی نەهامەتی و باردۆخێکی نالەبار بۆ عێراق، بەشێکی وڵاتەکە، واتە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان لەژێر دەستی ئەو دەسەڵاتە رزگاری بوو. گەمارۆی ئابوری خرایە سەر عێراق و ئەم گەمارۆ ئابورییە بوو بە هۆی تێکشکاندنی کەسایەتی و عیزەت و کەرامەتی تاکی عێراقی.
لە ماوەی دەسەڵاتداریی سەدام حسێنی دیکتاتۆردا گەلی کورد لە باشوری کوردستان و عێراق لە دژوارترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و مێژوویی و نەتەوەیی خۆیدا دەژیا و ڕووبەرووی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵبجە بوویەوە، هەزاران گەنج و لاوی وڵات لەسەر بیر و ڕای سیاسی و کوردبوون گولـلەباران کران، یان لەسێدارە دران.
گەلی عێراق بەهۆی دەسەڵاتی دیکاتۆریەتی عێراق و سەدام حسێن ماندوو ببو، بۆیە بە هەموو شێوازێک ئەو دەسەڵاتە شۆڤێنییان ڕەتدەکردەوە. لە کاتی شەڕی کەنداو ڕاپەرین ڕویداو و بەشێک لە باشوری کوردستان لە دەسەڵاتی رژێم پاک کرایەوە و ئازادیی بەخۆیەوە بینی، هیوای ئازادی و رزگار بوون لە ناو دڵی تاک بە تاکی گەلی عێراقدا چەکەرەی کردبوو، دەوڵەتانی سیستمی سەرمایەداری و هەژموونەگەرای جیهانی بە پێشنەگایەتیی ئەمریکا لەو کاتدا هەوڵەکانیان چڕکردبویەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان جێگیر بکەن، ناڕەزایەتی خواستی گەلی عێراقیان بەکار هێنا بۆ جێبە جێکردنی هەژموونگەرایی خۆیان لە ناوچەکە، لە درێژەی تۆڵەی رووداوەکانی ١١ـی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا لە بەهاری ٢٠٠٣ ئەمەریکا کەوتە سەر کەڵکەڵەی ئەو بیرۆکەیە، کە پێویستە رژێمی سەدام لەناو ببرێت. لە ١٩ـی ئادارای ٢٠٠٣ شەڕ لە دژی سەدام دەستی پێکرد و سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سوپای عێـراقیان بە ماوەی ٢٣ رۆژدا تێکشکاند.
هێزەکانى ئەمریکا لە گۆڕەپانی فیردەوس لە ٩ـی مانگی نیسانی ٢٠٠٣ـ دا بە هێنانەخوارەوەی پەیکەرەکەی سەدام حوسێن پەیامی رووخاندنی رژێمی بەعسیان لە عێراق بە هەموو جیهان راگەیاند. بەغدادی پایتەختی عێراق کەوتە ژێر هەژموونی ئەمەریکا.
لەپاش تێکشکاندنی حوکمی سەدام حسێن گەلی عێراق چاوەڕێی ژیانێکی ئارام و ئازادی دەکرد و خەونی بەو ژیانەوە دەبینی، بەڵام نەک هەر ئەوە ڕوی نەدا، بەڵکو لەماوەی ئەو ١٧ ساڵەدا کە هەژموونی سیستمی هەژموونگەرای جیهانی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بەلانیکەمەوە هێندەی ماوەی حوكمڕانیی سەدام حسێن مرۆڤ کوژراون و بونەتە قوربانی. نەک هەر ئاشتی و ئازادی دروست نەبوو، بەڵکو ئاگری ئەو شەڕە، کە لە بەهاری ٢٠٠٣ەوە دەستیپێکرد و سەرباری تێپەڕبوونی ١٧ ساڵیش تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.
هاوکات ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن و گەیشتن گەل بە حاڵەتێکی لەمشێوە، دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر و دیکتاتۆری ناوچەکە، بە تایبەتی تورکیا و ئەردۆغانی سەرۆکی وانیەک فێربن لە ملهوڕی و نەناسینی سنوور لە دەسەڵاتداری دەرئەنجامی ئەوەى لێدەکەەوێتەوە، کە تورکیا وەک عیراق و ئەردۆغانیش وەک سەدام دەبێت.
ژ.ت