ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە هەڵکشاندایە

رۆژ بە رۆژ ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بەرەو هەڵکشانە. لە سەرتاسەری جیهان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە نزیکەی میلیۆنێک و ١٠٠ هەزار کەس  و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیشیان لەدەستداوە، گەیشتە ٦٠ هەزار کەس.

تورکیا

دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٠ هەزا ٩٢١ کەس و ژمارەی ئەو کەسانەشی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٤٢٥ کەس.

 لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت کە ئامارە فەرمیەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە ناڕاستن و ژمارەی تووشبووان و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی رادەگەیێندرێت. لە ٣٠ شاری تورکیا هاتوچۆ بە فەرمی قەدەغە کراوە. هاوکات چوونە دەرەوەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵیدایە، قەدەغە کراوە.

لە لایەدیک دیکەشەوە، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە مووچەی کارمەند و کرێکارانی بڕێوە و گوایا لە کاری خێرخوازیدا بەکاری دەهێنێت.

لە ئامەد کارمەندانی تەندروستیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون

لە شاری ئامەد لە ناوەندێکی تەندروستی ٢ کارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. نووسەر ئوزگور ئەحمەد دەڵێت، خوشک و هاوسەرەکەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە هەر دووکیان کارمەندانی بواری تەندروستین.

لە ئەرخەنی کەرەنتینە

لە ناوچەی ئەرخەنی شاری ئامەد پیاوێکی تەمەن ٨٦ ساڵان دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بوو، گشت ناوچەکە خرایە کەرەنتینەوە.

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیانی لە پەرلەمان پەسەند کرد، بەڵام ئەم یاسایە زیندانیانی سیاسی ناگرێتە خۆی، کە ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیەکی توند لەسەر ئاستی رێکخراوەکان و رای گشتی.

لە ئێستادا بە سەدان منداڵ لەگەڵ دیکەکانیان لە گرتووخانەکاندان و رووبەرووی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە.

خانەوادەی زیندانیان رایدەگەیێنن، لە گرتووخانەی پیتی (D)ی شاری ئامەد ئاو گیراوەتەوە.

لە گرتووخانەی کورکچولەری شاری ئەدەنەش بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکە تەنها ماسکێک و دەستکێشێکی بەسەر زیندانیاندا دابەش کردووە کە دەبێت بۆ ماوەی مانگێک بەکاری بهێنن.

ئەمریکا

لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٢٧٧ هەزار کەس و بەم هۆیەوە ٧٤٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لە ئێستادا ٢٥٧ کەسیش لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

ز.ش