کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی تەکایان کرد

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئایدن تەکایان کرد کە لە شاری ئامەد بێسەروشوێن کرا.

چالاکیەکەی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ژێر ناونیشانی "با چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت و بکەران بدرێنە دادگا" لە ٥٨٢-هەمین هەفتەدا بەردەوام بوو.

لە چالاکیەکەدا کە بە هۆی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەتوانرا بە شێوەیەکی بەفراوان بەڕێوە بچێت، لە لایەن کۆمیسیۆنی بێسەروشوێنکراوانی سەر بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی لەو وڵاتانەی زۆرترین رووداوی بێسەروشوێنکردنی تێدا روودەدات، دواجار راستی رووداوەکان ئاشکرا بووە و لە کۆتایشدا ئازاری کەس و کاری بێسەروشوێنکراوان و کۆمەڵگا بە گشتی کەم بووەتەوە.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر بێسەروشوێنکراوانی سەردەمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان و دەرسیم و کودەتای ١٢ی ئەیلول و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا:" پێمان وایە کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و ئاشکراکردنی راستیەکان."

لە بەیاننامەکەدا هاوکات داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی هاوڵاتی بە ناوی ئایدن تەکای کرا کە لە ١١ی نیسانی ١٩٨٤ لە ناوچەی لیجەی شاری ئامەد لە لایەن سەربازانی سوپاوە رفێندرا و جارێکی دیکە نەگەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا باس لە بەسەرهاتی هاوڵاتی بێسەروشوێنکراو تەکای کرا و بۆ جیگیرکردنی داد و یەکسانیش داوای دۆزینەوەی بکەر و بکوژانی کرا.

ز.ش