گۆڕینی یاسای سزاکانى دەوڵەتى تورک لەسەر جیاکاریی هاووڵاتی – دوژمنە

گۆڕانکاری لە یاسای سزاکاندا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە، سەرباری ئەوەى لە دژی پێوەرەکانى یەکسانییە بە دەنگی ئاکەپە و مەهەپە پەسەند کرا.

پرۆژە یاسای گۆڕینی هەندێک لە بڕگەکانی یاسای سزاکان و یاسای پەیوەندیدار بە رێوشوێنى ئەمنی و سزاکانەوە لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە پەسەند کرا. لە کۆمسیۆنی دادپەروەریی پەرلەماندا هەدەپە و بەشێک لە کۆمەڵگە ناڕەزایەتییان لە دژی گۆڕانکارییەکانی ئەو پرۆژە یاسایە دەربڕی، چونکە لە دژی پێوەری 'جیاوازی نەکردن و یەکسانی'یە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەلایەن پەرلەمانتارەکانى ئاکەپە و مەهەپەەوە دەنگی پێدرا و پەسەند کرا.

لە پرۆژە پێشنیازەکەدا بۆ گۆڕینی یاسای سزاکان چەندین گۆڕانکاریی باشی تیادایە، بەڵام لە کۆی پرۆژە یاساکەدا هیچ حسابێک بۆ زیندانیانی سیاسی و مافەکانیان نەکراوە. ئەو پرۆژە یاسایە، کە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا خرایە بەر باس، بووەتە سەر چاوەى مەترسی بۆ سەر ژیانى هەزاران زیندانیی سیاسی.

ئەمران باران پارێزەر لە کۆمەڵەی مافەکان و ئازادی لەبارەى گۆڕانکاریی لە یاسای سزاکانى دەوڵەتى تورک دا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئەمران باران پارێزەر لە کۆمەڵەی مافەکان و ئازادی رایگەیاند، پرۆژە یاساکە لە دژی پێوەرەکانى یەکسانیی هەموو یاساکان و دەستوورە، ئەو پرۆژە یاسایە بەپێی جیاوازیکردن لە چوارچێوەی 'هاوڵاتی – دوژمن'دا ئامادە کراوە.

باران راشیگەیاند "لەبریی ئەوەی، کە دەبوایە لە یاسا تازەکەدا پێوەری سزای دوژمن نەمایە، بەڵام هاتوون ئەو جیاوازی و جیاکارییەیان گەورەتر کردووە. هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی ئەو یاسایە هیچ سودێکیان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتى نییە".

باران ئاماژەى بەوەکرد، بەپێی پرۆژە یاساکە ئەو زیندانیانەى بە 'هاووڵاتی' دەزانرێن بەپێی هەندێک مەرج و کاروباری تایبەت ئاسانکارییان بۆ بکرێت و زوو ئازاد بکرێن، بەڵام زیندانییە سیاسییەکان کە لە یاساکەدا وەک 'دوژمنێک کە دەبێت کار و بەرەنگارییان  بکرێت' پێناسەکراون، لە هەموو گۆڕانکارییەکانی یاساکە بێبەشکراون و هیچ حسابێک بۆ خۆیان و مافەکانیان نەکراوە.

باران ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئەوەى زیندانییەکی سیاسیی سوود لە مەرجەکانى ئەو یاسایە بۆ ئازاد بوون وەربگرێت ئەم مەرج و پێوەرانەیان داناوە 'باشە ئامادەیە بۆ ئەوەى تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێت'، 'مەترسیی ئەوە هەیە کە جارێکیتر تاوان بکاتەوە'، 'ئایا پەشیمانە لەو تاوانەى کردوێتی یان نا'، کە دەبێت ئەو مەرج و خاڵانە لەلایەن دەزگای ئیداری و چاودێرییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و دواى ئەوەى بڕیاری لەسەر ئازادکردن یان ئازاد نەکردنی دەدرێت. ئەو هەڵسەنگادنەش بەپێی میزاجی کەسەکان و ئەو دەزگایانە دەبێت بۆ ئەو کەسەی بە 'دوژمنی' دەزانن و بەو پێیە زیندانیی سیاسی ناتوانێت هیچ سودێکى لێوەربگرێت و لە هەموو مافەکانى بێبەش دەکرێت.

باران باسی ئەوەشیکرد، لە پرۆژە یاساکەدا هەندێک گۆڕانکاریی باش بۆ ئەو زیندانیانەى نەخۆشیی قورسیان هەیە، کەمئەندامن و تەمەنیان زۆرە کراوە، بەڵام دیسانەوە زیندانییە سیاسییەکان لەو گۆڕانکارییانە سوودمەند نابن و لەوەشدا مافی زیندانیانی سیاسی لە بەرچاو نەگیراوە.

ژ.ت