بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق

لە پارێزگای ئەلئەنبار لە عێراق بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگایەکی سەربازی ئەمریکا. گرووپێک بە ناوی "خۆڕاگریی ئیسلامی لە عێراق" هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاندووە "لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسعەد بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا هێرش ئەنجامدراوە."

 ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە."

هاوشێوەی دەیان هێرشی پێشووتر، گرووپێک بە ناوی "خۆڕاگریی ئیسلامی لە عێراق" لەبن فەرمانی حەشدی شەعبی هێرشی سەر عەین ئەلئەسەدی لە ئەستۆ گرتووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا زیادیان کردووە.

گرووپە هێرشبەرەکان پشتیوانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل بە بیانو دێننەوە.

وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان، واشنتۆن چەندین جار هێرشی کردووە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق.