٨ ی ئادار لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا: تێکۆشان گەشتر دەکەین

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە چالاکییەکانی ٨ ی ئادار بەڵێنی گەشکردنی تێکۆشان درا.

لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان، چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.

ڕەقە

لە کانتۆنی ڕەقە و مەنبەج مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا دوو ڕێپێوانی جیاوازی بە درووشمی "بە ئیرادەی ئازادی ژنان، سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری و گۆشەگیری لەناودەبەین" ئەنجامدا. هەروەها لە کۆبانێ و حەسەکە سیمینار و کۆبوونەوە و سەردان ئەنجامدرا.

بزووتنەوەی هیلالی زێڕین شانۆیەکی پیشاندا، پاشان ڕێپێوان تا گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەردەوام بوو.

مەنبەج

ژنان لە کانتۆنی مەنبەج ڕێپێوانیان کرد.

هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلانی دیموکراتیکی کانتۆنی مەنبەج، سیهام حەمۆ گوتی: "سەرهەڵدانی ژنانی ١٩ ی تەمموز بەردەوامی تێکۆشانی ژنانی ٨ ی ئادارە. ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر سیستەمەکانی زۆرداری سەرهەڵدانیان کرد و بوونە نموونەی هەموو ژنان".

دێرەزۆر

بەهەمانشێوە لە کانتۆنی دەیرەزۆر ژنان ڕێپێوانیان کرد. ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، خیتام حەسەن گوتی: "٨ ی ئادار بەرهەمی تێکۆشانی مێژوویی ژنانە دژی زۆرداری".

ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی دەیرەزۆر، حەنا عەلی جەختی کردەوە دەبێت بۆ ئازادی خۆمان و پاراستنی دەسکەوتەکان تێبکۆشین.

عەین عیسا

لە عەین عیسا مەجلیسی ژنانی پەیەدە و کۆنگرەی ستاری ناوچەکە پانێڵێکیان ئەنجامدا، لە پانێڵەکەدا تیشکخرایە سەر ڕۆڵ و تێکۆشان و دەسکەوتەکانی ژنان.

هۆل

لە ناوچەی هۆل کارمەندانی ژنی ناوچەکە ٨ ی ئاداریان لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکان پیرۆز کرد. بەم بۆنەیەوە، ژنان چوونە سەردانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ژن ترافیک و دیسپلینی سەربازی و ئەکادیمیای کۆماندۆس و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری.

حەسەکە

کۆنگرەی ستار لە هۆڵی پەیەدە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست. ئەندامی بەڕیوەبەری کۆنگرەی ستار دلارا عەفرین ڕایگەیاند تێکۆشان و دەسکەوتەکانی ژنان لەلایەن دەوڵەت نەتەوەکان و سیستەمی باوکسالارییەوە لەناوچووە.

هەروەها مەجلیسی ژنانی پەیەدە پانێڵێکی ڕێکخست، باس لە تێکۆشانی ژنان لە مێژوودا و تێکۆشانی ژنان لە شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باسکرا.

ژنان داوایان کرد ژن ببێتە هێزێکی چالاک لەسەر ئاستی سوریا و بەرامبەر سیاسەتەکانی دژی ئازادی ژنان تێکۆشان و ڕێکخستنی مەزنتر بکەن.

پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی شۆڕشی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیشاندرا.