'بە حەوت ژن دەستمان پێکرد، ئێستا بووین بە هەزاران'

ئەندامی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە سوڵتان محمەد ئیزۆ وتی: "بە حەوت ژن دەستمان پێکرد، لە ئێستادا بە هەزاران ژن لە هەموو گۆڕەپانەکاندا خەبات دەکەن."

سوڵتان محمەد دایکی شەهید و ئەندامی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە ئاماژەی بەوەدا لە ساڵانی پێشودا لە بەر نەریتی کۆمەڵگا کە لەلایەن دەسەڵاتداری پیاوەوە بەڕێوە دەبرا، ژنان نەیاندەتوانی لە سنوری ماڵدا دەرچن و وتی لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان دەنگیان هەڵبڕی، مافەکانیان وەرگرت و پێشەنگایەتی شۆڕشیانکرد.

ئەندامی ئەنجومەنی حەسەکە سوڵتان محمەد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لە چۆنیەتی بەشداریکردنی لە تێکۆشان ئازادی و ژیانی خۆیکرد کە لەگەڵ هەنگاوەکانی شۆڕشدا هەنگاودەنێت.

خواستم بوو ئامانجێکی نمونەیم هەبێ

سوڵتان محمەد وتی: "ژنانی تێکۆشەر سەرنجیان ڕادەکێشام. خواستم بوو ئامانجێکی وەک ئەوانم هەبێ. دەمویست ژیانم واتایەکی هەبێت. نەمدەویست ژیانێکی ئاسایی بژیم. لەو جێگەییەی لێی دەژیام ژمارەی کوردان کەم بوو. بنەماڵەکەم کۆنەپەرست بوون. لە باوکم دەترسام. لە سالی ١٩٨٥ بۆکارکردن چومە جێگایەک و لەوێ هاوڕێ بێریڤانم ناسی. هاوڕێ بێریڤان باسی بزوتنەوەی ئازادی بۆکردم، بیرمکردەوە ئەمە ئەو شتەیە کە من بەدوایدا دەگەڕام. تێگەشتم جێگیربوونم لە ناو بزوتنەوەدا ڕۆڵیکی باش دەدەم بەخۆم و بە بزوتنەوەش، بۆیە بەڵێنم دا هەرچی داواکان من ئامادەبم.

بەشداری خەبات بووم

دواتر دەستم بە خەباتی خۆمکرد. دەچوینە لای کرێکاران و گەلمان بە ڕێکخستن دەکرد. ئەو سەردەمە دەوڵەت بەهێزبوو، بۆیە دایکم هەمیشە لەخەمی مندابوو، کەس لە خەیاڵی ئەوەدا نەبوو بگەین بەم ڕۆژە، بەڵام من زۆر دڵخۆشبووم بە خەباتەکەم. لەگەڵ خەباتەکەمدا هاوسەرگیرم کرد، بەڵام مەرجم بۆ هاوژین دانا کە من ناتوانم هەر لەماڵدابم و تەنها ببم بە دایکی منداڵان، بۆیە هاوژینم بە مەرجەکانم ڕازی بوو و بەردەوام بووم لە کار و خەباتم. من لە نەخۆشخانەیەک کارم دەکرد. دکتۆرەکان هاوکارییان دەکردم. بەخۆم دەگوت چ دەبێت با ببێت، بۆ ئایندەی منداڵەکانم هەرچیم لە ئەستۆ بێت دەیکەم.

تەنها حەوت ژن لە ئەنجومەندا هەبوو

بە دەستپێکردنی شۆڕشی ٢٠١٢ کار و خەباتمان بەهێزتربوو. لە کاتی شەڕدا خۆراک و پێداویستیمان دەگەیاند بە شەڕڤانان. هاوژین و منداڵەکانم هەوڵیان دەدا ئاستەنگ بۆ کارەکانم دروستکەن، بەڵام بەلامەوە گرنگ نەبوو. هەرچەندە شەڕێکی قورس هەبوو، بەڵام من نەدەترسام و دەمزانی بۆ ئێمە شەڕدەکەن. کار و خەباتی کەسانی وڵاتپارێز وردە وردە ڕێکخستنبوون بەهێزتردەبوو. لەسەرەتای دامەزراندی ئەنجومەن لە کۆی ٢٧ ئەندام تەنها حەوت ئەندام ژن بوون. دواتر 'ماڵی ژن' دامەزرا و چەندین ژن کاریان تێدادەکرد، هەندێک لە ژنەکان خوێندەواریان نەبوو، بەڵام زۆر گرێدراوی کارەکانیان بوون. دەبوو پارێزگاری لە خۆمان بکەین بۆیە لە ئێوارە تا ڕۆژ دەبووەوە دوو ژن لە چاودێری بوون. دواتر کۆمەڵەی ژنان، شارەوانی و ئیدارەی خۆسەر دامەزرا. لە ئێستادا ژنان لە گۆڕەپانی شەڕ، لە ڕێکخراو و دەزگاکان و لە هەموو گۆڕەپانەکان بەشدارن، بە حەوت ژن دەستمان پێکرد ئێستا بووین بە هەزاران.

پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن

ژن کە نەیدەتوانی لە ماڵ بێتەدەرەوە و هەمیشە لە ژێر کاریگەی نەریتی کۆمەڵگادابوو، بە هاتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەنگی خۆیان هەڵبڕی و لە ئێستادا پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن و بوون بە نمونە بۆ هەموو جیهان. لە هەموو لایەکی جیهانەوە ژن بەشداری ئەم شۆڕشەیان کرد و هەتا گیانی خۆشیان بەختکرد لە پێناوی شۆرشی ژناندا. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا ژن بەشدارە و پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن.

ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە

قسەم بۆ هەموو ژنان ئەوەیە؛ ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە. خۆزگا ئەوەتان دەبینی کە ڕێبەر ئاپۆ چەند گرنگی داوە بە ژن. زیلان کە بە هۆیی ڕوناکی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە ئازاد بوو و هاوڕێ سەما کە دەیوست ببێە پردێک لە نێوان ٨ی ئادار و ٢١ی ئاداردا، کاریگەرییەکی گەورەیان هەبوو. بەهۆی ڕوناکی ئەم تێکۆشانانەی ژنان، لەمرۆدا ژنان لە هەموو جێگایەک بە بەرزکردنەوەی وێنەی هاوڕێیان داوای ئازادی ژن دەکەن."