بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە ڕێکخراوی ڕێپاک ئێوارە ڕێسەپسیۆنێکی ڕێکخست

لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ڕێپاک بەبۆنەی 8ی ئادارەوە ئێوارە ڕێسەپسیۆنێکی تایبەت بە ژنانی بە دروشمی 'ژنان لە خۆڵەمێش خۆیان کۆمەڵگا بنیاد دەنێنەوە' ڕێکخست.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێستورانتێکی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد (ڕێپاک)، هەستا بە ئامادەکردنی ئێوارە ڕێسەپسیۆنێکی تایبەت بە ژنان، بە بەشداری زۆرێک لە ژنانی چالاکوان و خەباتکار و ڕۆژنامەوان و ئەندامانی پارتەکانی ژنان ڕێکخست.

لەکاتی هاتنی میوانەکان لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارەوە بەخێرهاتن کران و گوڵی نێرگزییان وەک پیرۆزبایی ڕۆژی ژنان پێشکەشکرا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێکخراوی ڕێپاک، بانگەوازییەک پێشکەشکرا لەلایەن شیلان شاکرەوە، ناوەڕۆکی بانگەوازییەکە باسی لە ئامانجی کاری ڕێکخراوی ڕێپاک کرد، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ژنانی کورد لەناوخۆدا و ژنانی کورد بە جیهانەوە کارەکانی ئەو ڕێکخراوەی باسکرد، هەروەها شیلان شاکر وتی: "ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە تایبەت بە پێداچوونەوەی کار و خەباتەکانی ژنانە لە ساڵی ڕابردوودا، پێویستە لەناو ئەو چوارچێوەیەی کە دەورە دراوە بە سیستمی سەرمایەداری و هزری پیاوسالاری و کوردستانی خستۆتە بەر هەڕەشەی داگیرکاری تر، پێویستە ئێمەی ژنان برەو بە کار و چالاکییەکانمان بدەین و خەبات و تێکۆشانی خۆمان بە بەردەوامیی پێبدەین و بە سیستەم دژ بەو عەقڵیەتە دژە ژنە بووەستینەوە، سەدەی بیست و یەک ڕەنگڕێژ به بوونی ژن و ڕەنگی ژن بکەین."

دواتر سینفزیۆنێک لەبارەی کار و خەبات و چالاکییەکانی ژنان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. ناوەڕۆکی سینفزیۆنەکە پیشاندانی چالاکی و ڕووبەڕووبوونەوە و خەباتیی ژنان بوو.

لەدوای ئەوە، پانێڵێک بۆ دوو ژن لەبارەی کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردوولە ئاستی کوردستان و جیهان، هەروەها هەڵسەنگاندنی خەباتی ژنان پێشکەشی ئامادەبوون کرا.

لە پانێڵی یەکەمدا پارێزەر پەیمان عیززەدین لەبارەی دۆخی ژنان و پێشێلکاریی و ساختەکارییەکانی ئاماری ئەم پێشێلکارییانە قسەی کرد و وتی: "پێشێلکارییەکان زۆرن، بەڵام ئامارە ڕەسمییەکان هەموو ئەم پێشێلکارییانە دەرناخەن و شێواندنی تێدا دەکەن و دەیشێوێنن، ئەمەش بە ئامانجی برەودان بەو سیستمە سەرمایەدارییەی کە دەوری هەموو جیهان و باشووری کوردستانی داوە، زۆر زیاتر لەوە دەبێ هەڵوەستە لەسەر ژن بکەین، بەڵام دەبێ بەردەوامی خەبات و چالاکیی ژنانمان لەبیربێت."

لە پانێڵی دووەمدا، دکتۆر ڕووخۆش غەریب، خاوەن دکتۆرا لە دەرووناسیی پیشەییدا، خوێندنەوەیەکی بۆ دۆخی ژنان کرد لە ئاستی جیهانیدا و وتی: "تەنانەت لە هەموو وڵاتانی جیهاندا کێشەی ژن لە بازاڕەکان و بواری سیاسی و بوارە حوکمییەکاندا هەر بەردەوامە، هێشتا ژنان قبوڵنەکراون وەک ئەوەی پێویستە، وێڕای ئەوەی کە هەوڵەکانیان زۆر زیاترە و توانا و لێهاتوویان زۆرە، بەڵام بە بۆنەی هزری پیاوسالارییەوە هێشتا قبوڵنەکران بەڕێژەی پێویست و هەل و دەرفەتەکان بۆ ئەوان کەمترە."

دواتر ڕۆزا ستار، ئەندامی کۆنگرەی ستار خەڵاتی پێشکەشی خاتو شیلان شاکر، ئەندامی ڕێکخراوی ڕێپاک کرد، لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونەکانی.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، لەلایەن هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فرمێسک، بە هاوکاری گروپی موزیکی، گورانی و ئاواز پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە کۆتایی ئێوارەکەدا خواردن پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هێندرا.