وەک بە ڕوونی دەبینرێت لە پشت دانانی جۆلانیەوە، بەداخەوە جارێکی دیکە هێزی سەرمایەداری جیهانی ڕەوڵی هەیە، هەروەها پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەش بە هەمان شێوە ڕەوڵی ئەو سیستەمی تێدایە. ئەو دەوڵەت و زلهێزە هەلپەرست و دیسپۆتیسانەش هێزی سیستەمی سەرمایەداریی ئەوروپایە. وەک چۆن جەنگی جیهانی یەکەم بەتەواوەتی سیستەمی پاشایەتی و شانشینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەناوبرد و لە شوێنی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەکانی دامەزراند، ئێستا لە جەنگی جیهانی سێیەمدا دەیانەوێت ئەو دەوڵەت نەتەوانەی خۆیان دایانمەزراندبوو یەک بە یەک دەڕۆخێنن و مۆدێلێکی نوێ لە شوێنیان دادەمەزرێنن و دەیکەنە بەڵایەک بە سەر مرۆڤایەتیەوە. تەنانەت لەو ڕوانگەوە پێدەچێت مۆدێلە نوێیەکەیان بزووتنەوە توندڕەوەکان بهێنێتە سەر دەسەڵات و بەسەر گەلاندا بیسەپێنن. وەک چۆن هێزەکانی ناتۆ پاش ئەوە هەمووە شەڕ و کوشتارانە لە ئەفغانستان کشانەوە و وڵاتەکەیان بەڕووی بزووتنەوەی توندڕەوی تاڵیباندا هێشتەوە، بە هەمان شێوەش، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەناکاو جۆلانی و توندڕەوەکانیان جێگر کرد، هەوڵی تاریککردنی چارەنووسی گەلانی سوریا دەدەن.
ئەگەر ڕۆیشتنی ئەسەد چەندە مایەی دڵخۆشی بێت، بەهەمان شێوە جێگیرکردنی جۆلانی لە دەسەڵات بە هەمان شێوە مەترسیدارە و هەڕەشەی ئەوە هەیە بەردەوام بێت لە توندوتیژییەکانی لە سوریادا. کاتێک ڕژێمی بەعس ڕووخا، هەموو گەلانی سوریا جەژن و شادییان گێڕا، بەڵام بەداخەوە جەژن و خۆشیەکەیان بە نیمەچڵی مایەوە لەبەر ئەوەی ڕەنگە دەسەڵاتی پێشوو باشتر بێت لەوەی هاتووتە سەر دەسەڵات. ئەو هێزە توندڕەوانە، من پێیان ناڵێم 'هێزی توندڕەوی ئیسلامی'، لەبەر ئەوە ئەوان ئیسلام نین و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. ئیسلامی ڕاستەقینەی محەمەدی پێغەمبەر زۆر جیاوازتر لەوەیە کە ئەم توندڕۆانە بەو ناوەوە خۆیان دەناسێنن. بزووتنەوە توندڕەوەکانی ئەمڕۆ، بە بەکارهێنانی ناوی ئیسلام، لە ڕاستیدا کردەوەی نامرۆڤانە بەرێوە دەبەن. ئایا مرۆڤ دەتوانێت بە ئەردۆغان بڵێت کەسێکی ئیسلامی؟هەروەها چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئەو کەسانەی دەبنە هۆی کوشتنی ژن و منداڵان بە کەسێکی ئیسلامی ناو ببات؟ بەدڵنیاییەوە ئەم توندڕەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. بەڵکوو تەنها دەتوانرێت بوترێت بکوژانێکی دڕندە.
پێویستە تەنها لە ڕاگەیاندراودا سنووردار نەبیت
لە جەنگی سێهەمی جیهانییدا بڕیاری نەهێشتنی دەوڵەت نەتەوەکان دراوە و وەک دەردەکەوێت بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین و حیزبوڵای لوبنان پێش هەموو شتێک کرانە ئامانج و دەیانەوێت بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنن. دوابەدوای ئەوە ڕژێمی بەعسی سوریایان ڕووخاند و ئێستا دەوڵەتی ئێران دەکرێتە ئامانج. لەهەمانکاتدا مەترسی لەسەر عێراقیش هەیە. لانیکەم سیستەمی دەوڵەت نەتەوە پێکهاتەکانیی دیکەی لەخۆگرتبوو، بەڵام سیستەمی توندڕەو جگە لە چەتەکان هیچ قەوارەیەکی تر لەخۆناگرێت. لەبەر ئەم هۆکارە سەپاندنی دەسەڵاتی توندڕەوی بەسەر گەلاندا زۆر مەترسیدارە. هەروەها لەڕاستیدا گەڕانەوەی ترامپ بۆ دەسەڵات جارێکی دیکە مرۆڤەکان تووشی بیرکردنەوەی زۆر دەکات. بەڕای من پێویستە گەلانی ئەمریکا و هەموو گەلانی ئەوروپا لەم دەسەڵاتە بترسن و ڕێگری لێبکەن. ئەگینا مرۆڤایەتی و بەتایبەتی گەلانی ئەوروپا، لە داهاتوودا ڕووبەڕووی پەشیمانی گەورە دەبنەوە. پێویستە هەمووان ئەوە بزانین ئەوەی بەسەرمان هاتوو تا ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەوروپا.
ئێمە زۆر یاساناس، سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و دۆستی ئەوروپیمان هەیە، بەڵام ڕاستگۆیانە هەوڵەکانیان زۆر کەم دەبینم، تەنها بە دڵ و زمان پشتیوانی گەلانی چەوساوەی وەک ئێمە دەکەن. هەروەها ئەمەش وەلامدەرەوە نییە. پێویستە لەبواری کردارییەوە هەوڵی پراکتیکیان هەبێت. دووەم، سیستەمی دەوڵەتانی ئەوروپا کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن، دەبێت لە بواری یاساییەوە گوشارەکانیان زۆرتر بکەن و هەوڵبدەن چالاکییەکان لەو بارەوە جیهانی بێتەوە.
لە ڕاستیدا گەلی کورد و گەلی عەرەب، لەگەڵ هەموو گەلانی سوریا، ماوەیەکە تێکۆشان بەڕێوە دەبەن. قارەمانانە تێکۆشانێکی داستانی بەڕێوە دەبەن. بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێکی کرداری لەلایەن ڕای گشتی و هێزەکانی مافی مرۆڤەوە نیشان نەدراوە و تەنیا بە لێدوانەکان سنووردار ماوەتەوە. چەندە لێدوانەکان گرنگ بن، بەڵام چالاکییە کردارییەکان زۆرتر پێویستە. هەروەها پێویستە ڕای گشتیی نێونەتەوەیی بەپەلە هەڵوێستی کردەیی و یاسایی خۆی نیشانبدا و گوشار بخاتە سەر یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی. دەبێت مرۆڤایەتی، کە ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین کۆمەڵکوژ دەکرێن ڕزگار بکەن. چونکە مەترسییەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی بەتایبەتی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە.
ژنان دەتوانن بە یەکێتیەوە سەرکەون
گەلی کورد لە سوریا بەساڵانە بەرەنگاری و شەڕی دوژمنی مرۆڤایەتی داعش دەکات. ئەم گەلە ١١هەزار شەهید و ٢٠ هەزار برینداری لەو پێناوەدا داوە و ئێستاش بەردەوامە. لێرەدا ئەو پرسیارە دەکەم: ئایا ئەم گەلە بەرخۆدێر و تێکۆشەرە شایەنی پاراستن و خاوەنداریی کردن نییە؟ ئایا چەتەکانی داعش بەساڵانە لە زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیراون بۆ ئەوە نییە کە زیان بە جیهان و مرۆڤایەتی نەگەیەنن؟ ئەگەر هێزەکانی یەپەگە – یەپەژە و قەسەدە کە لە شەڕڤانی قارەمان پێکهاتوون، مرۆڤایەتیان نەپاراستایە، دۆخەکە ئێستا چۆن دەبوو؟
پێویستە ئەوە بزانرێت لە سوریا و بە تایبەتی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە مەترسیدان و دەبێت بەپەلە لەدەستی ئەو عەقڵیەتە و ئەوانەی پاڵپشتی دەکەن ڕزگار بکرێن. ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ ویستی لە پارێزنامەکانیدا بۆ هەموو کەسی ڕوون بکاتەوە ئەوەیە کە مرۆڤایەتی کەوتووەتە ناو سیستەمی سەرمایەداریی جیهانییەوە و ڕووبەڕووی خنکان بووەتەوە. تەنیا لە ڕێگەی یەکێتی گەلان و هێزە دیموکراسیەکانەوە دەتوانێ ڕزگاری بێت. ئێستا ئەو ڕۆژە هاتووتە پێش کە یەکگرتوویی گەلان لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بنیات بنرێت و مرۆڤایەتی لە سیستەمی ڕزیوی ٥ هەزار ساڵە ڕزگاری بێت و دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات. هەروەها پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە سەردەمی یەکێتی گەلانە. ئەو یەکێتیەی مرۆڤایەتی کە ڕێبەر ئاپۆ باسی کرد، دەبێتە ژیانی گەلان و سیستمە دەسەڵاتداری لە خۆیدا دەڕووخێنێ. ژنان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ئەنجامدا سەردەکەون.
ئەوەندەی کە گەلان، ژنان لە سوریا ئەمڕۆ لە چنگی جینۆسایدی کولتووریدان. پێویستە هەموو ژنانی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهانیش خاوەنداری لە ژنانی سوریا بکەن. ئەو ژنانە ماوەی ١٤ ساڵە پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن، قارەمانانە بەرەنگاری و شەڕی هێزە توندڕەوەکانی جیهان دەکەن و ئەمڕۆش جارێکی تر ڕووبەڕووی هەمان هێز دەبنەوە. بەم بۆنەوە داوا لە هەموو ژنان و پێکهاتە ئازادیخوازەکان دەکەم یەکبگرن و تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە. بۆئەوەی مرۆڤایەتی لەدەست هێزە تاریک پەرەست و توندڕەوەکان ڕزگاری بێت. بە دڵنیاییەوە ئیرادەی ژنان و گەلان بە یەکێتیەوە سەردەکەون.