لەبەر ئەوەی لە دژی سزای لەسێدارەدان ناڕەزایەتی دەربڕیوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ماوەی سێ مانگ دیدار لەگەڵ بنەماڵەیان لە ئانیشا ئەسەدوڵاهی قەدەغەکردووە.
گوشاری کاربەدەستانی ئێران لەسەر زیندانیانی سیاسی، هاووڵاتیان، چالاکوانان و ژنان بەردەوامە. بە گوێرەی میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێ مانگ قەدەغەکردنی دیدار لەگەڵ بنەماڵە بەسەر زیندانی سیاسی ئانیشا ئەسەدوڵاهیدا سەپێندراوە.
راگەیەندرا کە بەهۆی ئەوەی ئانیشا لە دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ناڕەزایەتی دەربریبوو، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.
پێستریش ئانیشا ئەسەدوڵاهی بەمەبەستی شەرمەزارکردنی رەزا رەسایی، لە مانگی ئابدا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەی رەتکردبووەوە.
لە نیسانی ٢٠٢٣دا ئانیشا لە ماڵی چالاکوانی سەندیکای مامۆستایان محەمەد حەبیبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. لە ٨ی ئایاری هەمان ساڵدا بە کەفالەت ئازادکرابوو، دواتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشەوە لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەشرەفی بە تۆمەتی "گردبوونەوە و پیلانگێڕی" سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە لە دژی دەوڵەت" سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.