بێریڤان شاهۆ: ژنانی تێکۆشەر مۆری خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو داوە.

ڕۆژنامەنوس بێریڤان شاهۆ، لە بارەی ٨ی ئادار و خەباتی ژنانی تێکۆشەرەوە وتی: "ژنانی تێکۆشەر هەر لە خەباتی ٨ی ئادارەوە تا تێکۆشانی 'ژن، ژیان، ئازادی' مۆری خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو داوە."

ڕۆژنامەنوس بێریڤان شاهۆ، لەبارەی ٨ی ئادار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "هەر لە سەرەتای دروستبوونی سیستمی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارییەوە، بەردەوام خەبات و چالاکی ژنان هەبووە و دژ وەستانەوەیان هەبووە بەرامبەر ئەو سیستمە، ژنانی تێکۆشەر لە خەباتی  هەشتی مارسەوە، تا تێکۆشانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەردەوام لە کار و خەباتدا بوون و مۆری خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو داوە، مێژووی ئەم خەباتانە بەتەنها هی هەشتی مارس نییە و زۆر دوور و درێژە، بەڵام ژنان نەوەستاون."

 

هەروەها ڕۆژنامەنوس بێریڤان شاهۆ ئەو باسی لەوە کرد کە 'ئەم سەدەیە سەدەی ژنە' و پێویستە کار و خەباتی ژنان بۆ ئەم ئامانجە دەبێت و وتی: "لەم سەدەیەدا سەرمایەداری کەوتۆتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژناندا، ئەو هزرەی کە خۆی لەسەر بە کۆیلەکردنی ژنان هێشتۆتەوە، ناتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت کە ڕەتبکرێتەوە، لەبەرامبەردا خەباتی ژنان ئێستا خەباتێکی جیهانیە  و هەموو جیهانی گرتۆتەوە، ئەم خەباتە ناوەستێنرێ و بەردەوام لە گەشەدایە و بەرەوپێشدەچێت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچە کوردستانییەکان، ژنان بەردەوامن لە هەوڵ و تێکۆشانەکانییان بۆ هێشتنەوەی کلتور و فەرهەنگ و هێزییان بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی پیاوسالاری."

 

لە درێژەی قسەکانیدا بێریڤان شاهۆ باسی لە شێوەگۆڕینی ئەو شەڕانەی دژ بە ژن دەکرێ کرد و وتی: "دەسەڵات بەردەوام شێوەی ئەو شەڕەی  دژ بە ژنانی ئازادیخواز دەیکات دەگۆڕێت. لە شەڕی چەتەکانی داعشدا بینیمان چۆن دەسەڵات شەڕەکەی ڕادەستی داعش کرد، بەڵام هەموو ئەمەش نەیتوانی ژنان بوەستێنێ و کار و چالاکییەکانیان بووە هۆی ئەوەی دۆزی کورد ببێتە دۆزێکی جیهانی. لە بەرامبەریشدا ئێستا شۆڕشی تەکنەلۆژیا دژ بە ژن هەیە و زۆر بە ڕوونی کار لەسەر لەکەدارکردنی ژن دەکات. ئەمەش جارێکی تر فۆڕمێکی ترە لەو شەڕەی دەسەڵات و هزریی پیاوسالاری دژ بە ژن دەیکەن."

 

لە کۆتایدا بێریڤان شاهۆ، زۆر بە گەرمی پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی هەموو ژنانی تێکۆشەر کرد بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە.