بەسێ ئەرزینجان: پێویستە ژنان بزووتنەوەی ئاشتیی جیهانی ڕێکبخەن

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، پێویستە ژنان لە دژی سیاسەتی شەڕی سیستمی هەژموونگەرا   بزووتنەوەی ئاشتی رێکبخەن و راشیگەیاند: "ژنان دەتوانن بە دروستکردنی سیستم و بەڕێوەبەریی خۆیان ئازادی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن".

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ کاریگەریی شەڕی هەژموونی لەسەر ژنان و شێواز و ئامرازەکانی بەرەنگاربونەوەی ئە شەڕە کرد.

'شەڕی ڕووسیا - ئۆکراینا شەڕی خۆ باڵادەستکردنی هێزە هەژموونییەکانە'

ئەرزینجان باسی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا کرد، کە ئێستا لە رۆژەڤی جیهانیدایە و ڕایگەیاند، ئەم شەڕە بە ڕوونی ئەو ئاستەی نیشان داوە، کە پیاوی هەژموونگەرا و دەسەڵاتخواز، جیهانی گەیاندووەتە چ ئاستێک.

ئەرزینجان شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینی بە شەڕی خۆباڵادەستکردنی هێزە هەژموونییەکان وەسفکرد و وتی:

"شەڕی وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕوسیا شەڕی خۆباڵادەستکردن و دەسەڵاتی زیاترە. ڕەفتاری دووڕووانەی ئەوروپا بۆ ئەم جەنگە ڕوون بوو. دەزانین لەشەڕی ئەفغانستان، عێراق، سوریا و لیبیادا چی بەسەر خەڵکدا هاتووە. ئەمەریکا و ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرامبەر شەڕ و دابەشکردن و کۆچ و ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، بەڵام لە شەڕی ئۆکراینادا توندترین سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند. پێویستە دادپەروەری و یەکسانی و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو خەڵک و مرۆڤەکان بێت. ئەگەر ئەوە بۆ هەموان نیشان نەدرێت، ئەوا دووڕوویی و درۆیەکی گەورە هەیە. ئێمە وەک هێزە ئازادیخوازەکان ڕاستی و ناعەدالەتیی دەسەڵاتەکانی ئێستا باش دەزانین. هەرچۆنێک بێت ڕووداوەکانی دەورووبەری شەڕی ڕووسیا  -  ئۆکراینا لە زۆر ڕووەوە بوونەتە بابەتی وانە بۆ مرۆڤایەتی و فێربوونی ڕاستییەکان.

"لەم شەڕەدا ئێمەی ژنان لە بەرەی ئازادیی گەلانداین"

لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ژنان و مرۆڤایەتی بزووتنەوەیەکی ئاشتیی جیهانی لە دژی سیاسەتی شەڕی نەتەوە - دەوڵەتەکان بە تایبەتی ناتۆ ڕێکبخەن. لێرەدا نابێت مرۆڤ ڕوو لە ئۆکراینا یان دەوڵەتی ڕووسیا بکات، گرنگە لە بەرانبەر عەقڵییەتی تێکدەر و تاڵان و داگیرکەر و لایەنگری جەنگ و عەقڵییەتی داگیرکەریی سیستمی جیهانی بوەستنەوە".

بەسێ ئەرزینجان ئاماژەی بەوەدا، مۆدێلی دەوڵەت - نەتەوە مردن، کۆچ و کۆیلایەتی بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێنێت و وتی: "لەبەر ئەوە لە شەڕی ئێستادا بەرەی ئێمەی ژنان لایەنی ئازادیی گەلان و ژنانە. بۆیە زۆر گرنگە تەواوی خەڵکی جیهان لە دژی سیستمی جیهانیی دەسەڵات و دەوڵەتداری خۆپیشاندان بکەن و داواکاریی ئاشتی لەو چوارچێوەیەدا دەرببڕن. پشتیوانیکردن لە گەلانی ئۆکراینا و وەستانەوە بەرامبەر بە مۆدێلی نەتەوە – دەوڵەتپەرەستی بەڕێوەدەبرێت. پێویستە ژنان و کرێکاران و هێزە دیموکراسیخوازەکان و ئازادییەکانی هەر دوو وڵات لە بەرامبەر سیستمی دەوڵەتی وڵاتەکانیان و سیستمی هەژموونی جیهانیدا بوەستنەوە".

بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند، کاتێک سەرنج دەخەنە سەر دۆخی بزووتنەوەی ژنان لە جیهاندا، دەبینن بەرخۆدان لە هەموو شوێنێکدا لە دژی سیستمی پیاوی خۆسەپێن بەردەوام دەبێت و وتی: "دیارترین نموونەی ئەمە ژنانی ئەفغانستانە. لە دژی بزووتنەوەیەکی وەک تالیبان، کە دوژمنی ژنانە خەبات و تێکۆشان دەکەن. ئەمە دەریدەخات ژنان چەند بە ئازادییەوە پەیوەستن، بۆیە سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی ئەفغان دەکەین.

لەگەڵ ئەم شەڕەدا ئەوە ڕوون بوویەوە، کە چالاکییە هاوبەشەکانی ژنان لە ئاستی جیهانی و هەرێمیدا زۆر گرنگە بۆ ڕزگاربوون لە  سیستمی هەژموونی زاڵ".

"ژنان دەتوانن بە بنیاتنانی سیستم و ئیدارەی خۆیان ئازادیی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن"

سەبارەت بە شێواز و ئامرازەکانی تێکۆشانی ژنان لە دژی شەڕ بە عەقڵییەتی دەوڵەتی پیاو بەسێ ئەرزینجان وتی:

ژنان دەتوانن بە دروستکردنی سیستم و ئیدارەی خۆیان ئازادیی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن. سیستمی پیاوسالاریی جیهانی بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان تێکدەشکێت و لە توانایاندایە لە ناو  سیستمەکەی خۆیاندا بیتوێننەوە. بۆ درێژکردنەوەی ژیانی سیستمەکەیان ستراتیژ وتاکتیکی جۆاروجۆر بەڕێوەدەبەن. بۆ نموونە لە زۆرێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەزارەتی ژنان دانراوە. ئامانج لەوە تواندنەوەی تێکۆشانی ئازادیی ژنانە لە ناو سیستمی دەوڵەتدا. لە لایەکەوە رەنج و هونەر و توانای ژنان بۆ سیستمی پیاوی دەسەڵاتخواز بەکاردەهێنرێت و لە لایەکی دیکەشەوە وەک ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیستمی ئێستا بەکاردێت، بەڵام ژنانی ئازاد و تێگەشتوو لەم سیاسەتە تێدەگەن و تێدەکۆشن.

ژنان نەک لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵکو لە دەرەوەی دەوڵەتدا و بە دروستکردنی ئیدارە و سیستمی خۆیان دەتوانن ئازاد ببن. بەجێبەجێکردنی کۆنفیدرالیزمی ژنانی دیموکرات لە هەر ئاست و بوارێکی ژیاندا دەتوانن سەر بکەون. پێویستە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتدا بە تەواوی بپچڕێنن و سیستمەکەیان دروست بکەن. وەک ژنانی کورد دەبێت پێشەنگی بنیاتنانی خۆبەڕێوەبەریی بکەن".

ژ.ت