بەسێ ئەرزینجان: ئامانجمان بونیادنانی ژیانێکە بە پێشەنگایەتی ژنان

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە بەسێ ئەرزینجان سەبارەت بە سیستمی کەژەکە قسەی کرد و وتی، نەک هەر بۆ ئازادی ژنان، بەڵکوو بۆ ئازادی پیاوان و کۆمەڵگاش تێدەکۆشین. ئامانجمان بونیادنانی ژیانێکە بە پێشەنگایەتی ژنان".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان لە میانی بەرنامەی خۆیبوونی ژن تی ڤی لەبارەی سیستمی کۆمەڵانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین بایسەلی دایەوە.

بەسێ ئەرزینجان سەرنجی راکێشا بۆ سەر رابردووی سیستمی کەژەکە و وتی، "لە کاتی دامەزراندنی پەکەکەوە کار و خەباتی ژنان بەڕێوەدەچن، سیستمی ئێمە یەکەمجار لە رێگەی هەڤاڵ ساکینە جانسزەوە دەستیپێکرد. لەبەر ئەوەی هەڤاڵ ساکینە یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. رێبەرایەتی بەردەوام گرنگی بە خەباتی ژنان دەدا. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر جار حزب دامەزراون، بەڵام هەرگیز ژنان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەریان نەبوون. رێبەرایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ مێژووی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێزۆپۆتامیا و کۆمەڵگاکرد، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بە بێ بوونی ژن تێکۆشان سەرناکەوێت. لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا دەبێت بە دڵنیاییەوە ژنان بەشدارییان لە کار و خەباتدا پێبکرێت. کاتێک مرۆڤ لە ژیانی رێبەرایەتی ورد دەبێتەوە، مامەڵەکردنی ئەو بەردەوام بەم جۆرەبوو. واتە کاتێک کە کەژەکە دامەزرا، تێکۆشانێکی ٤٠ ساڵە هەبوو. لە هەڤاڵ ساکینەوە دەستیپێکرد، لەناو سوپای گەریلاشدا بەردەوام ژنان بوونیان هەبووە.

هەر ئاستێکی رێکخستنکرا هەنگاوێکی گەورەبوو

دوای ساڵی ١٩٨٦ رێبەرایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بنەماڵە کرد. دواتریش رایگەیاند، کە دەبێت رێکخستنی سەربەخۆی ژنان دابمەزرێت. یەژەوەکە لە سەر ئەو بنەمایە دامەزرا. لە ساڵی ١٩٩٣دا سوپای ژنان دامەزرا، لە ساڵی ١٩٩٥دا یەکینەکانی ئازادی ژنانی کوردستان (یاژک) دامەزرابوو. لە ساڵی ١٩٩٩دا بە حزببوونی ژنان راگەیەندرا. ساڵی ٢٠٠٥ دوای ئەوەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک راگەیەندرا کەژەبە (کۆما ژنێن بڵند) دامەزرا. لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) راگەیەندرا.

هەر قۆناغێک لە پێناو خەبات و کاروباری ژنان هەنگاوێکی گەورەبوو. لەهەر قۆناغێکدا کارەکانی ژنان زیاتر گەورەبوون، قووڵ و بەرفراوان بوونەوە. سەرەتا لە بواری سەربازیدا قووڵبوونەوەیەک هەبوو. واتە لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیشدا قووڵبوونەوەیەک هەبوو، بەڵام پچڕ پچر بوو. رێبەرایەتی رایگەیاند، کە کاتێک سیستمی ژن دامەزرا، پێویستی بە کادر دەبێت. دەبوایە لە کۆتاییشدا بەحزببوونی ژنان لەسەر ئەو بنەمایە پێکبهاتایە. واتە کەژەکە لەسەر میراتێکی ٤٠ ساڵە دامەزراوە. بەڵام ئەم سیستمە پاڕادایمی و فەلسەفەیەکی زۆر گەورەی هەیە. لەم سەردەمەشدا سیستمەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر ژنان پەرەی بە رێکخستن و خۆپاراستنی ژنان دا. پەرەپێدانێکی گەورەبوو. ئامانجمان رێکخستنکردنی ژنان و بونیادنانی ژیانێکە بە پێشەنگایەتی ژنان".

بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، کە سیستمی کەژەکە لە زۆر بواردا چالاکی دەکات و بەم جۆرە بەردەوامبوو، "رێبەرایەتی بەردەوام ویستی ژنان ببنە خاوەن ئیرادەیەکی سەربەخۆ، هزر و هۆشمەندیی سەربەخۆ، هەروەها ژنان بتوانن خۆیان بەرێکخستن بکەن. لە سیستمی ئێستادا کایە و بوارێکی ژیانی بۆ ژنان نەماوەتەوە. ناتوانێک لەبارەی خۆی و ژیانی خۆیەوە بڕیار بدات، بە جۆرێکی لێهاتووە کە ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت. لەناو سیستمی نەتەوە دەوڵەتدا بەم جۆرەیە. لەبەر ئەوە ژن ناتوانێت وزە، ئەندێشە و ماتەوزەی خۆی نیشان بدات. بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بناسێت، تێبگات، کۆببێتەوە و کارێکی پێکەوەیی و هاوبەش بکات، خۆرێکخستن گرنگە.

پێویستە ژنان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و پیاودا نەبن. لە مێژوودا یەکەمجارە رێکخستنێکی بەو جۆرە هەیە. ژنان پێشتریش لەناو تێکۆشاندا کۆدەبوونەوە بەڵام دوای شۆڕش لەبەر ئەوەی نەیانتوانی رێکخستنبوونێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن، دەگەڕانەوە ماڵەوە وەک پێشوو دەژیان. ئێمە وتمان ئەو هەڵەیە ناکەین. رێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی بۆ هەموو شۆڕش کرد. لە رووی ژنانە زۆر کەموکوڕی بینی. وتی، ئێمە شۆڕشێکی راستەقینە دەکەین. بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەشداری لە شۆڕشدا بکەن، ئیرادە و رامانی خۆیان نیشان بدەن، پێویستییان بە رێکخستنێکی خۆبەڕێوەبەر هەبوو. ئەگەر ئێمە بە شێوەیەکی گشتیی خۆمان بە رێکخستن بکردایە، رەنگی ژنان نەدەکەوتە بەرچاو. دەبێت بە رەنگی ژنان تێبکۆشین. ئێمە ناتوانین تەنیا شۆڕشی نەتەوەیی و چینایەتی پێکبهێنین.

ئێمە خۆمان لە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دابڕاند. ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی نوێ بۆ ژنان، پیاوان و کۆمەڵگە بونیادبنێین. سیستمی کەژەکە تەنیا بۆ ژنان نییە، ئێمە دەمانەوێت پێشەنگایەتی بۆ ژنان بکەین. نەک هەر بۆ ئازادی ژنان، ئێمە لەهەمان کاتدا بۆ ئازادی پیاوان و کۆمەڵگاش خەبات دەکەین. کاتێک سەرنج بدەینە سەر شۆڕشەکانی دیکە، دەبینین کە ئامانجێکی ئەوەندە بەرفراوان نییە. بەڵام سیستمی کەژەکە لە هەمان کاتدا لەناو سیستمی کۆنفیدڕاڵدا بنەڕەتییە".

بەسێ ئەرزینجان ئاماژەی بەوەکرد کە سیستمی کەژەکە وەک سێبەرێکە و وتی، "سیستمێکی ناوەندی نییە. لەماوەی سیستمی کەژەکەدا پاژک هەیە، رێکخستنی گەنجان هەیە، یەژاستار هەیە. هەموو رێکخراوێک دەتوانن لەناو ئەم سیستمەدا خۆیان رێکبخەن، بەڵام هەموو رێکخراوەکان لەهەمان کاتدا لەناوخۆیاندا ئۆتۆنۆم و خۆبەڕێوەبەرن. هەر رێکخراوێک خۆی بڕیار دەدات، خۆی پلانی خۆی ئامادە دەکات. بێگومان پاژک لەم بوارەدا جیاوازە. پاژک پێشەنگایەتی بۆ تەواوی سیستم دەکات. هەر رێکخستنێک خاوەنی میکانیزمێکی خۆبەڕێوەبەرە. دەتوانین بڵێین وەک تۆڕێک خەبات دەکات. دواتر گەل کۆدەبێتەوە و لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان بڕیار دەدات.

سیستمی کەژەکە زۆر بەرفراوان و کۆمەڵایەتیە. کادرەکان پێشەنگایەتی دەکەن، بەڵام هیرارشیبوون و پلەبەندی لەناویدا بوونی نییە. هەموو ئەوانەی داوای ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری، سۆسیالیزم، ئازادی ژنان دەکەن و دەیانەوێت تێبکۆشن دەتوانن بەشداری رێکخستنەکە بکەن. ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگا لەسەر بنەمای کۆبوونەوە، ئەنجومەن، ئاکادیمی و کاری هەرەوەزی رێکخستن بکەین. لە رێگەی ئەم سیستمەوە دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی نوێ، ژیانێکی نوێ بونیادبنێین. سیستمی نەتەوە دەوڵەت  لە سەر کۆیلەکردنی ژنان دامەزراوە. ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە و دەڵێین کە لە سەر بنەمای ئازادی ژنان ئێمە ژیانێکی نوێ دابمەزرێنین. ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی دیموکراتیک، ئازاد و ئیکۆلۆژیک بونیادبنێین".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، کە ئەو سیستمە تەنیا بۆ کوردستان نییە و وتی، "ئەو سیستمە بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە. راستە لە کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام ئامانجی ئێمە بریتیە لەوە کە سیستمێکی کۆنفیدڕاڵ دابمەزرێنین کە لە سەرتاسەری جیهان پێشەنگایەتی بۆ ژنان و کۆمەڵگا بکەین. رەنگە ناوەکەی کەژەکە نەبێت، بەڵام لە رووی ناوەرۆک و جەوهەرەوە هەمان شت دەبێت. ئەگەر ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان سیستمێکی کۆنفێدراڵی ژن کە پشتئەستورە بە دیموکراسی، ئازادی و ئیکۆلۆژی، دابمەزرێنین، ئەو کاتە دەتوانین مۆدێرنیتەی دیموکراتیک پێکبهێنین".

هـ . ب