بەسێ ئەرزینجان: ئەرکی ئێمەیە مۆدێلی هاوژیانی ئازاد جێبەجێ بکەین

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەجەکە بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند، بۆ هاوژیانی ئازاد پێویست بە گۆڕینی تێگەیشتن هەیە، بۆ ئەمەش تێکۆشانێکی گەورە پێویستە و وتی: "ئەرکی سەرشانی ئێمەیە مۆدێلی هاوژیانی ئازادی ڕێبەرایەتیمان بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە".

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەجەکە بەشداری لە بەرنامەی 'خوەبوون'ی ژن تیڤی کرد و وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس ئارژین بایساڵی دایەوە. دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

سەرەتا هاوژیانی ئازاد چۆن کەوتە ڕۆژەڤی تەڤگەری ئازادییەوە؟

ڕێبەرایەتی لە ساڵی ٢٠١٠دا لە بەرگریکردن لە خۆیدا مۆدێلی هاوژیانی ئازادی نووسی. لەو کاتەوە لە ڕۆژەڤی ئێمەدایە. سەرۆک ئاپۆ لە دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئەمڕۆ گرنگییەکی زۆر بە ئازادی ژنان دەدات. کارێکی ستراتیجیکی بۆ ئازادی ژنان بەڕێوەبرد. ڕێبەرایەتی لە ساڵی ١٩٨٦دا وەک یەکەم بەرهەمی کتێبێکی لەسەر بنەماڵە و ژن نووسی. دوای کۆنگرەی ٣ زیاتر دەوڵەمەندی کردەوە. زیاتر سەرنجی خستە سەر کەسایەتی کورد. چونکە لە ڕاستیدا هەزاران ساڵە کوردستان داگیرکراوە. کەسایەتی کورد لە هەر چوار پارچەدا بەو پێیە دروست بووە، بە بەرفراوانی کەسایەتی کورد شێواندراوە. لێدوان و  وتەکانی سەرۆک ئاپۆ زیاتر و زیاتر قووڵتر بوونەوەیە لەسەر ئەم مژارانە. ئەو تەنیا خەمی ئازادی ژنان نەبوو. لە بنەڕەتدا دەیویست کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژن ڕزگار بکات. ئەمەش کارێکی مەزن بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی ژن کۆێلە کرا بوو، ڕێبەرایەتی پێیوابوو ئەگەر ژن پێشبکەوێت و پپێشەنگایەتی بکات، کۆمەڵگا و پیاو ئازاد دەکرێت. بۆیە تێکۆشانێکی گرنگی بۆ ژنان ئەنجامدا. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا هەڤاڵانی ژن شەهیدبوون. نەک هەر لە نێو بزووتنەوەدا، بەڵکو لە کۆمەڵگاشدا، ژنان شەهید هەبوون. ئەنجامەکان لە بە سوپا بوونی ژنان و بەشداریان لە نێو پەکەکە و ڕێکخستنی ژنان بەدەست هات. هەر بۆیە پێشکەوتن دەستی پێکرد. مۆدێلی هاوژیانی ئازاد لە ساڵی ٢٠١٠ــەوە، کە خاوەن مێژوویەکی زۆر کۆنە پێشکەشی هەمووان کرا.

پێناسەکەی گرنگە. لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە تا ئەمڕۆ، هەم ئایین، فەلسەفە و هەم زانست بەردەوام ئەو پرسیارەیان کردووە کە 'چۆن بژین؟' بەڵام لە میتۆد و بنیاتنانیدا هەمیشە دوو لایەن بەکارهێنراوە، واتە باڵادەستی- ژێردەستەیی. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەو بوارەوە پێناسەی لە سەر ژیان چییە؟

سەرۆک ئاپۆ بەردەوام دەڵێت ژیان دەبێت مانای هەبێت. گرنگییەکی زۆری بە بوون و ژیان و یەکسانی داوە. ژیانی نێوان ژن و پیاو کوژراوە. ئەمە زۆر گرنگ بوو کاتێک مۆدێلی هاوژیانی ئازاد لە لایەن ڕێبەر ئاپۆەوە پێشنیار کرا. چونکە دەوڵەت نەتەوە لەسەر بنەمای بنەماڵە خۆی بنیات دەنێت. پلەبەندی و دەسەڵاتەکان لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراون و بەردەوامن. ئەم مۆدێلە بەدیلێکە بۆ هاوسەرگیری ئێستا کە هەمیشە بە دەستدرێژی، توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕووبەڕوو بووەتەوە. ژیانێکی مانادار، ئەخلاقی، ئامانجدار، جوانکاری مۆدێلی سەرۆک ئاپۆیە. ئەرکی ئێمەیە ئەم مۆدێلە بۆ ژیانێکی ڕاستەقینە و جوان بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە. دەوڵەت پێچەوانەکەی ئەنجام دەدات، دەڵێت هەمیشە بۆ ئێمەیە. بۆ ئەوەی دەوڵەت بەهێز بێت، مۆدێلی زەواجی دامەزراندووە. بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین و دەڵێین هەموو تێکۆشانمان بۆ جێگیر بوونی مۆدێلی هاوژیانی ئازاد بۆ گەل، مرۆڤایەتی، ژن و پیاو بەکار دەهێنین.

بە هەزاران ساڵە باوەڕێک هەیە کە پیاوان باڵادەستن، فیۆداڵن. هەروەها ژن کۆیله کراوە و ئەم دۆخەی قبوڵ کردووە. تا ئەو چەمکە نەگۆڕدرێت، ئایا دەتوانین بڵێین لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتیەکاندا دەتوانین پێکەوە بژین؟

وشیار بوونەوە زۆر پێویستە. پێویستە بە باشی لە پێگەی بنەماڵە، ژن و مێرد تێبگەین. چۆن دەژین؟ مانای ژیانمان چییە؟ کاتێک دەچنە ناو کۆمەڵگا دەبینن یەکتر قبوڵ ناکەن. بەڵام بۆچی دەڵێین هاوژیانی ئازاد، بۆچی بە پێویستیی دەبینین؟ پێویستە باس بکرێت. لە جیهاندا چەندین نەخۆشی وەک Covidهەیە. بۆچی؟ بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان زیادی کردووە، ئیتر جوگرافیای جیهان تەنانەت لە خۆی وەری ناگرێت. هاوسەنگی لە ژیاندا هەیە. دەبێت ڕێژەی ئاژەڵ، ڕۆوەک، مرۆڤ و هەموو شتێک لەو هاوسەنگییەدا بێت. بەڵام بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتانەوە ئەم هاوسەنگییە تێکچووە. بۆ نموونە دەسەڵاتدارانی وەک ئەردۆغان دەڵێن لێگەڕێن با ژن چەند منداڵیان هەبێت. بەڵام کاتێک ژن منداڵێکی زۆر دەهێنێت، هەموو ژیانی لە گەڵ منداڵان بەسەر دەچێت. هیچی بۆ نامێنێتەوە. تەنها بۆ منداڵ و مێرد دەژیت.

شتێکی تر ئەوەیە کە توندوتیژی دژی ژنان، کوشتن زۆر زیادی کردووە. ئەگەر لە بارەی ژنانەوە وەها بێت، مانای وایە توندوتیژی بە گشتی لە کۆمەڵگادا زیادی کردووە. ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو شتێ بگاتە چەقبەستوویی، بەڵام لە وڵاتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکاش کرانەوەیەکی زۆر ترسناک هەیە. لەوێ جەستەی ژن بەتەواوی داگیر کراوە. جیاوازییەکی گەورەی جێندەری دەبینرێت. ئافرەتان زۆر هەرزانتر لە پیاوان کار دەکەن. لێرەشدا حکومەت سود لە ژنان وەردەگرێت. کاتێک یەکسانی کار لە شوێنێکدا نەما، دەسەڵات سوودی لێ وەردەگرێت. ئەمانە کاریگەرییان هەیە. تا ژن زیاتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئیرادەی زیاتر دەشکێت، داگیرکاری زیاتر ڕوودەدات. ژیانی ئێستا بۆ ژنان زۆر خراپە. بۆ هاوژیانی ئازاد، پێویستە تێکۆشان، تێگەیشتن و شەڕێکی گەورە دەست پێ بکات. گۆڕانکاری لە ژیاندا پێویستە. ژن و پیاو لە ڕووی ڕۆحییەوە دەبێ خۆیان لە سیستەم جیا بکەنەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگری پێنجەمدا باسی هاوژیانی ئازادی کردووە. یەک بە یەک ئەرک و بەرپرسیارێتی ژیانێکی ئازاد و یەکسانی بۆ ژن و پیاو باس دەکات. ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانە چین؟

ژن پێویستە زۆر بە باشی دۆخی ژیانی خۆی شیبکاتەوە، چۆن ژیان دەکات. بەڵام لەم بوارەوە لاوازی هەیە. ئەگەر مرۆڤ بارودۆخی خۆی نەزانێت ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت. ڕێبەرایەتی بنەماڵە و هاوسەرگیری ئێستا وەک قەفەسێک دەبینێت. ژن و پیاو دەکەونە ناو ئەم قەفەسە. بەڵام پێویستە دۆخی ژن و پیاو لەم قەفەسەدا بە باشی هەڵسەنگێندرێت. بیرکردنەوەی ڕەگەزی مێشکی ژن و پیاو پڕ دەکاتەوە. حکومەت و دەسەڵات سیاسەتێکی پیس لەسەر پیاوان بەڕێوەدەبەن. دەبینیت نە پارە هەیە، نە دەرفەت، هیچ شتێک نییە، بەڵام داوا دەکرێت هاوسەرگیری بکرێت. کاتێک پیاو دێتەوە ماڵەوە ناتوانێت شتێک بکات، بۆیە هەموو تووڕە بوونەکانی لەسەر ژن بەتاڵ دەکاتەوە. تەنانەت ڕێبەر ئاپۆ نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت هەموو پیاوێک وەک پڵنگ وایە. مەبەستم ئەوەیە پڵنگ هێرشبەرە. ژن لە ماڵێکدا دەژی کە پڵنگێکی تێدایە، پڵنگێکی برسیی، هەموو بەشەکانی خواردووە. بەم شێوەیە هێرش دەکەنە سەر ژن و ڕۆحی ژن لەناو دەبەن و هیچ ڕێگەیەکی ژیانی بۆ ناهێڵنەوە. ژنیش یان هەموو شتێک قبوڵ دەکات یان دەبێ بمرێت. هەموو ئەمانە لە کۆمەڵگادا دەبینین. بەڵام کاتێک ژن قبوڵی دەکات کەسایەتی ژن بوونی تێکدەچێت. کەسێک کە هەموو شتێک قبوڵ بکات دەبێتە کۆیلە. ژنان بێ ڕێکخستن و بێ پاراستن دەژین. چۆن کەسێکی ئاوا دژی سیستەم دەوەستێت، ناچار دەبێت خۆی ڕادەستی پیاو بکات. ژن لە ژێر ناوی پارە و خۆشەویستیدا فریو دەدرێ. کاتێک لەگەڵ پیاوێکدا دەژی، بۆی دەردەکەوێت کە پێچەوانەکەیە. دەبینێت پیاو لە ژنەکەی دەدات و دەیکوژێت و هتد. ئافرەت پێویستە زۆر وریا بێت. کاتێک پیاو زۆر دەوڵەمەندە مانای ئەوە نییە ژنەکەی بە ئاسوودەیی دەتوانێ بژیت.

با بگەڕێینەوە لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک بۆ پیاوان دیاری دەکات؟

هەردوو باوک و دایک لە بەیانییەوە تا ئێوارە کار دەکەن، بەڵام کاتێک باوک دێتەوە ماڵەوە، بە ئاسانی دەتوانێت بە دایکی بڵێت لە ماڵەوە چیت کردووە؟ کاری دایک لەبەرچاو ناگیرێت. ژنان زۆرترین کار دەکەن. ئەگەر هاوژیانی ئازاد هەبێت، دەبێت گۆڕانکاری لە پیاودا هەبێت. لە کولتوری ئێمەدا دەسەڵاتی پیاو لە پێشدایە. پێویستە خۆی ڕابهێنێت، تێکۆشان بکات. پیاویش دەبێت بزانێت چەندە هەڕەشە دەکەیت، وەڵامێکی توند وەردەگریتەوە. ئەوەندەی پیاو پڵنگ بێت، ژنیش بەقەد ئەو پڵنگە. هەروەها پیاو پێویستە لە ماڵەوە شەڕ لەگەڵ نەفسی خۆیدا بکات. بەسەر خۆتدا حاکمییەت دروست بکات. ڕێبەر ئاپۆ باسی کوشتنی سیفەتە پیاوسالارەکانی کردووە. بۆیە پیاو دەبێت بە خێرایی تێکۆشان بکات. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، ئەوان وەک پیاو بەهێز لەدایک دەبن، بەڵام ئەگەر کەسایەتی خۆیان ڕابهێنن، دەتوانن بگۆڕدرێن و ببنە پیاوێکی ڕاستەقینە. ئێستا ژن و پیاو پێویستە بەرەنگاری ئەم بنیاتنانەی دەوڵەت ببنەوە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان هەروەها ڕەخنە دەگرێت. باسی شتانێک دەکات کە بە دەستی مرۆڤ بنیات نراون وەک سیاسەت، ئابووری و هتد. پێویستە بخرێتە ژێر خزمەت ژیانی مرۆڤەوە. بەڵام لە سیستەمی ئێستادا ژیان کەوتووتە ژێر خزمەتی سیستەمەوە.

پێویستە بەدیل دروست بکرێت. کێشەکە تەنها لە نێوان ژن و پیاودا نییە. سیستەم لە ڕاستیەوە ئەم کارە دەکات. دەڵێت پەیوەندی نێوان ژن و پیاو زۆر تایبەتە، نابێت کەس دەستی لێبدات. ئەمە خۆ فریودانە. دەوترێت شتە تایبەتەکان شتانێکی کۆمەڵایەتین. ئەگەر باس لە هاوژیانی ئازاد بکەین، پێویستە لە هەموو لایەنێکی کۆمەڵایەتیدا بەدیل و گۆڕانکاری دروست بکەین.

سیستەمی هاوسەرۆکایەتیش نموونەیەکی باشە.

وایە مۆدێلێکی زۆر گرنگە. هەروەها بۆ بزووتنەوەکەماندا زۆر گرنگە. ژنان هەمیشە لە کایەکانی ژیان دوور دەخرێنەوە یان لاواز دەکرێن. بەڵام بە تێکۆشانی ئێمە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا، بە شۆڕشی ژنان، ژنان خەریکی بنیاتنانەوەی سیستەمی خۆیانن، سیستەمێکی یەکسان بنیات دەنێن. کاتێک دەست بەکارێک دەکەیت، دەبێت خۆت باشتر بکەیت، هەتا ئەو کارە باشتر بە ئەنجام بگەیەنیت. ئەمەش لە ڕۆژئاواش دەستی ڕوویداوە. ژنان هاتنە دەرەوە، هاتنە ناو هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا، ئەزموونیان پەیدا کرد، خۆیان لە سیاسەت و ئابووریدا پەرەپێدا. تێگەیشتنیان بە پەروەردەدا پەرەداوە. بۆیە نوێنەرایەتی یەکسان زۆر گرنگە. کاتێک ژنێک لە دەرەوە بەم شێوەیە بێت، لە ناو ماڵیش دا گۆڕانکاریی دەکرێت. یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە. لە دونیادا شتێکی هاوشێوەی بوونی نییە. تەنها لە کوردستان نوێنەرایەتییەکی وا لە خوارەوە بۆ سەرەوە دامەزراوە. دەوترێت لە ئەوروپا نیوە ژن و نیوە پیاو لە کابینەکاندا هەن، بەڵام لە کۆمەڵگادا وا نییە، تەنها لە پەرلەمانەکانیاندا شتێکی وەها هەیە. بۆ نموونە ناچنە سەربازیی، بەقەد پیاوان بەشداری ئابوریی ناکەن. بەڵام لە سیستمی ڕێبەر ئاپۆدا، لە ڕۆژئاوا، لە گەڕەکانەوە بۆ شوێنە گەورەکان، ژنان بە یەکسانی و بە ژمارەیەکی زۆر لە هەموو کارەکاندا بەشداری دەکەن. هەروەها ئەمەش ڕێگە بە گۆڕانکاری لە تێگەیشتن دەدات بە تێپەڕبوونی کات. ئێستا قسە و کار و ڕێبازی ژن بایەخدارە و زیاترگرینگی پێ دەدرێت.