چالاکییەکانی ٨ ی ئادار: کۆمەڵکوژی ژنان و گۆشەگیری شەرمەزارکرا

لە چالاکییەکانی ٨ ی ئادار لە چەند شارێک، کۆمەڵکوژی ژنان و گۆشەگیری شەرمەزارکرا و سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانەکان کرا.

٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان نزیک دەبێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئامادەکارییەکان بەردەوامن و لە چەند شارێک چالاکی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن.

ڕحا

پلاتفۆرمی ژنانی ڕحا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار کارتی پشتیوانی بۆ ژنانی زیندانی نارد. بۆ ئەم مەبەستە ژنان لە بینای کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) کۆبوونەوە.

چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) عادیلە فیدان لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و گوتی: "٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان پیرۆز بێت"، پاشان ژنان کارتەکانیان بۆ زیندانەکان نارد.

سەرێکانی

لە ناوچەی سەرێکانی ڕحا، بە هەمان شێوە ژنان کارتیان بۆ زیندانەکان نارد. کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی سەرێکانی، ڕەحشان یازار گوتی: "لەم تێکۆشانەدا ژنانی کورد پێشەنگایەتی دەکەن، سەرەڕای هەموو زۆرە فشار و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنێک، دەست لە تێکۆشانی خۆیان هەڵناگرن، ٨ ی ئادار لە تەواوی ژنان پیرۆز بێت".

وان

لە ناوچەی پایزاوای وان بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە کۆبوونەوە ئەنجامدرا.

کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی مەزنی وانی دەم پارتی، نەزلیهان شەدال گوتی: "ئەم تێکۆشانە بۆ هەموو ژنانی جیهان بۆتە نموونە، بەڵێن دەدەین فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوبکەینەوە و تێکۆشان مەزنتر بکەین. تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، ئێمەش ناتوانین ئازاد بین، بەرخۆدانی ژنان لە هەموو گۆڕەپانێک بەردەوام دەبێت".

پاشان لە ناوچەی ڕێگەی ئاوریشم، سینڤزیۆنێک دەربارەی تێکۆشانی ژنان پیشاندرا و گۆرانی گوترا.

ئیدر

تەژەئا و مەجلیسی ژنانی دەم پارتی لە شارۆچکەی خۆشخەبەری ئیدر ئاهەنگیان ئەنجامدا، ژنان هەڵپەڕکێیان کرد و پاشان هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ئیدر، ئۆیا مەلاگاز گوتی: "گۆشەگیرییەکی سەخت لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کوردە. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لە زیندانەکان، مانگرتن لە خواردن بەردەوامە. هەروەها دایکانمان لە ئێشکگری دادپەروەریدان". 

شەرناخ

چالاکی و خۆپیشاندانی ژنان لە شەرناخ بە ئاهەنگ بەردەوام بوو. ئاهەنگەکە بە پێشەنگایەتی تەژەئا بەڕێوەچوو.

کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شەرناخ، بێریڤان کوتلو لە ئاهەنگەکەدا گوتی: "بەرەو ٣١ ی ئادار ئێمەی ژنان لەسەر سندووقەکان بەرامبەر قڕکردنی ژنان و تاڵانکردنی سرووشت ئیدی دەڵێین بەسە".

جولەمێرگ

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی و تەژەئا لە ناوچەی چیلێ کۆبوونەوەی ژنانی ئەنجامدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە، حومەیرا ئارموت تیشکی خستەسەر گرنگی ٨ ی ئادار و گوتی: " لە هەڵبژاردنەکاندا تێکۆشانمان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین".

کۆبوونەوەکە بە هەڵپەڕکێ و بەرزکردنەوەی درووشـمی "بژی بەرخۆدانی ژنان" کۆتایی هات.