دانیشتنی دادگای شەریفە محەمەدی بە بێ ئامادەبوونی خۆی بەڕێوەدەچێت
راگەیەنرا کە سبەینێ دانیشتنی دادگای دۆسیەی شەریفە محەمەدی چالاکوانی کرێکاری کە لە زیندانی لاکانی رەشتە بە بێ ئامادەبوونی خۆی بەڕێوەدەچێت.
راگەیەنرا کە سبەینێ دانیشتنی دادگای دۆسیەی شەریفە محەمەدی چالاکوانی کرێکاری کە لە زیندانی لاکانی رەشتە بە بێ ئامادەبوونی خۆی بەڕێوەدەچێت.
کەمپینی بەرگریی لە شەریفە محەمەدی زیندانی سیاسی و چالاکی کرێکاری لە زیندانی رەشت، بڵاویکردەوە کە رۆژی پێنج شەممە ١٩ی کانونی یەکەم لە لقی دووی دادگای شۆڕش لە رەشت دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسیە بەرێوەدەچێت، بەڵام دانیشتنەکە بە بێ ئامادەبوونی شەریفە محەمەدی بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرباری ئەوەی شەریفە محەمەدی و پارێزەرانی بە فەرمی و بە داواکاری نوسراو داوایان کردووە ئامادەی دانیشتنەکە بن، بەڵام دادگا رەتیکردووەتەوە. لەو رووەشەوە کەمپینی بەرگریی لە شەریفە محەمەدی ئامادەنەبوونی ئەو زیندانیە سیاسییە لە دادگای وەک نادادپەروەرییەکی زەق و ئاشکرا ناودێر کردووە.
کەمپینی بەرگریی لە شەریفە محەمەدی رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ رایگەیاندبوو، کە دۆسیەی ئەو زیندانیە سیاسیە لە دادوەری باوکەوە بۆ دادوەری کوڕ گواستراوەتەوە، واتە ئەو دادوەرەی کە بڕیارە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەریفە محەمەدیدا بکات کوڕی دادوەر ئەحمەد دەروێس گوفتارە کە سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو زیندانییە دەرکردبوو.
ئەو سزایە لە ١٢ی تشرینی یەکەم هەڵوەشابووەوە و ئاراستەی لقی هاوتەریبی دادگا کرابووەوە بە مەبەستی پێداچوونەوەی.
شەریفە محەمەدی ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ماڵەکەی خۆی لە رەشت لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی ئەندامبوون لە "گرەپە بەرهەڵستکارەکان"ی درابووە پاڵ. دواتر لە رەشتەوە گواسترابووەوە بۆ سنەوە و پاش سێ مانگ مانەوە لە زیندانی تاکەکەسی سەرلەنوێ گواسترابووەوە بۆ زیندانی لاکانی رەشت.
لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەو چالاکوانە کرێکارییە بە پشتبەستن بە سیناریۆی داتاشراوی ئیتلاعات و بە بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک بە تۆمەتی "یاخیبوون" سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕابوەوە.